ئەنەكەسە لە كۆنگرەی ڕیاز بە دوو شاند بەشدار دەبێت
__2017_11_20_h12m57s37__RM.jpg)
رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- جێگری سەرۆكی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایدەگەیێنێت، لە كۆنگرەی ڕیاز كە بڕیارە بۆ یەكخستنی تەواوی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە پایتەختی سعوودیا ئەنجام بدرێت، ئەنەكەسە بە دوو شاند بەشدار دەبێت.
(عەبدولباست حەمۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەمڕۆ شاندی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو ڕیازی پایتەختی سعوودیا بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ڕیاز بەڕێ دەكەوین كە نزیكەی 23 كەس دەبین و تێیدا سێ كوردین (عەبدولباست حەمۆ، فوئاد عەلیكۆ و حەواس عەگید) و وەكو نوێنەری كوتلەی كوردی (ئەنەكەسە) بەشدار دەبین، هەروەها ئەنەكەسەیش بە شاندێك بەشدار دەبن كە لە (ئیبراهیم برۆ) سەرۆكی ئەنەكەسە و (فەزلە یووسف) جێگری سەرۆكی ئەنەكەسە پێك دێت و ئەمڕۆ دەگەینە ڕیاز".
(حەمۆ) كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریایشە، دەڵێ، "بڕیارە كۆنگرەكە لە رۆژی چوارشەممە 22ـی مانگ دەست پێ بكات تا 24ـی ئەم مانگە كە بە بەشداریی 144 كەسایەتی لە شاندی ئۆپۆزسیۆن بەڕێوە بچێت و لەو كۆنگرەیەیشدا 30 كەس بۆ كۆمیتەی باڵا دێنە هەڵبژاردن و تەواوی ئۆپۆزسیۆن یەك دەخرێت و دواتر دانوستان لە نێوان ئەو كۆمیەتەیە و (دیمستۆرا) و رژێمی (ئەسەد) لەسەر گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و پاشەڕۆژی (ئەسەد)ـیش لە قۆناغی داهاتوودا دەكرێت، ئەگەر كۆنگرەی ڕیاز سەركەوتوو بێت".
جێگری سەرۆكی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەشڵێت، "خاڵی گرینگی ئەو كۆنگرەیە ئەوەیە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەبێت هەموویان ببنە یەك و لەسەر خاڵە سیاسییەكان و قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاشەڕۆژی (ئەسەد) كۆك بن و ئینجا كۆنگرەیەكی تر ئامادە دەكرێت بە ناوی كۆنگرەی (سوچی) كە لە نێوان رووسیا و توركیا و ئێراندا بەڕێوە دەچێت".
لەبارەی پاشەڕۆژی كوردان لە سووریادا گوتی، "هەر شتێك لە رێككەوتنەكاندا بڕیاری لەسەر بدرێت، دەبێت باسی كوردیشی تێدا بێت، چونكە سووریا كۆمارێكی عەرەبی نییە و هەموو پێكهاتەیەكی تێدایە و دەبێت مافی گەلی كوردیش بێتە گەرەنتیكردن و دیاری بكرێت، ئێمەیش داوامان كردووە كورد لە شاندەكان بە باشی ئامادەییان هەبێت، هەروەك پێشتر تەنها یەك نوێنەر هەبوو، بەڵام ئەمجارە زیاد بووە و هەروەها بۆ كۆمیتەی باڵایش لە كۆنگرەی ڕیاز هەوڵ دەدەین زیاتر لە یەك نوێنەرمان هەبێت، بۆیە لەم قۆناغەدا بوونی كورد گرینگە لە كۆنگرەكاندا بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان."
نەشوان بەرزنجی




