٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چارەنووسی کرێ و کرێچییان بەرەو یەکلابوونەوەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  پەرلەمانی کوردستان بەنیازە یاسای بەکرێدانی خانوو لە هەرێمی کوردستان هەموار بکاتەوە. کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان رەخنە لە یاساکە و چۆنیەتیی هەموارکردنەوەی دەگرن، هاوکات هەواڵێکی "خۆش"ـیان پێیە و ئاشکرای دەکەن، رووپێوی ٢٥ هەزار پارچە زەوی تەواو بووە.

بڕیارە سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی سبەی (سێشەممە)ی خۆیدا، هەموارکردنەوەی یاسای بەکرێدانی خانوو لە کوردستان تاووتو بکات. پێشتر پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێک جێبەجێکردنی یاساکەیان هەڵپەسارد.

(بەهار مەحموود) جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە ئەوان دەیانەوێ چەند بڕگەیەکی یاساکە هەموار بکەنەوە. ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێنینەوە کە بە هۆیەوە جێبەجیکردنی یاساکەمان هەڵپەساردبوو. هەروەها دەمانەوێ بە زیادکردنی چەند بڕگەیەک، هاوسەنگی لە نێوان کرێچی و خاوەن مڵک رابگرین".

ئەو یاسایە بەو هۆیەی کە پابەندبوونی لایەنەکان و جێبەجێکردنی لە ئاستی لاوازدا بوو، هەڵپەسێردرا، بەڵام ئێستا وەک (بەهار مەحموود) دەڵێ، دەیانەوێ دادگاکانی هەرێمیش بە شێوەیەکی چالاکانە لەو پرسەدا بێتە سەر خەت و چالاک بێت.

کێشەی بووک و خەسوو
چیرۆکی کرێچی و خاوەن مڵک، وەک هەموو ئەو چیرۆکانەی لەناو کوردەواریدا باس لە کێشە و پێوەندییەکانی بووک و خەسوو دەکەن، بەردەوامە.

(ناسر کازم) گەنجێکی نزیک تەمەن ٣٠ ساڵانە و لە خانووی کرێدا دەژیێت. ئەو گەنجە، چوار ساڵە ژیانی هاوبەشی پێک‌هێناوە و وەک خۆی دەڵێ، پێشتر کێشەیان لە دۆزینەوەی خانووی کرێ و نرخی زۆری کرێیەکەدا هەبوو، بەڵام "ئێستا خانووی کرێ زۆر و کرێیەکەشی نیوەی جارانە".

ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "بیستبووم کە یاسایەک بۆ بەکرێدانی خانوو هەیە، بەڵام  راستییەکەی تا ئێستا هیچی لێ نازانم . پرسیارەکەش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو یاسایە هەشبێت، ئایا خاوەن مڵک و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتن پێیەوە پابەند دەبن؟"

(محەممەد تەها) وەک خۆی دەڵێ، سێ خانووی سەد مەتری لە گەڕەکێکی شاری هەولێر هەیە و تەنیا بۆ بەکرێدانە. یەک لەو سێ خانووانەی (تەها) ئێستا بەتاڵە و پێشتر خێزانێکی عەرەبی تێدا بووە. سەرەڕای بەتاڵبوونی ئەو خانووە، بەڵام خاوەنەکەی ئامادە نییە بە نرخی ئێستا، بەکرێی بدات.
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "خانووی خۆمە و ئەگەر چۆڵیش بێت، ئامادە نیم بە هەموو نرخێک بە کرێی بدەم. من نزیکەی سێ دەفتەرم لە دروستکردنی خانووەکە خەرج کردووە جیا لە ئەردەکەی، ئەدی چۆن ئێستا بە ٢٥٠ یان ٣٠٠ هەزار دینار بە کرێی بدەم".

هەواڵێکی "خۆش" بۆ کرێنشینان
کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان پێی باش نییە لە کوردستان کار بە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ بکرێ و پێشنیازی کارکردن بە یاسای ژمارە ٧٩ی ساڵی ١٩٧٩ دەکات. هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە یاسا کوردستانییەکە لە بەرژەوەندیی "خاوەن مڵک"ـدایە، بەڵام یاسا عێراقییەکە لە بەرژەوەندیی "کرێچی"ـ دایە.

ئەو کۆمەڵەیە چەند نوێنەرێکی خۆی بۆ لیژنەی پێوەندیدار لە پەرلەمانی کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی تێبینییەکانیان لە کاتی هەموارکردنەوەی یاسای بەکرێدانی خانوو لەبەرچاو بگیرێت.

کۆمەڵەکە تەنیا لە هەولێر و دەورووبەری نزیکەی ٢٣ هەزار ئەندامی هەیە و ئاشکرای دەکەن کە لە هەموو کوردستان و بەپێی ئاماری بەردەستیان، نزیکەی ٩٠ هەزار کرێچی هەیە.

(مەحموود ئیسماعیل) سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، گلەیی لە هەنگاوەکانی لایەنە پێوەندیدارەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت سەبارەت بە گوندی "کۆری"ـان.

ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "لای ئێمە ٨١٠ کەس لە گوندی کۆریان سوودمەند بوون و هەر کەسێک سەرووی حەوتهەزار دۆلاری داوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ تا ئێستایش خانووەکانیان وەرنەگرتووە."

(مەحموود ئیسماعیل) کە هاوکات سەرپەرشتیاری لقەکانی دهۆک و سۆرانی کۆمەڵەکەیانە، ئاشکرای دەکات، کە وەزارەتی شارەوانی نزیکەی ٢٥ هەزار پارچە زەویی بە مەبەستی پێدان بە فەرمانبەران و کرێچیان رووپێو کردووە، بەڵام تا ئێستا بە روونی دیار نییە کە دەکەوێتە کوێی هەولێر.

کاوە جەم
 

هەواڵی پەیوەندیدار