(سه‌لیم جبووری) له‌باره‌ی په‌رله‌مانتارانی كورده‌وه بڕیاری داوه

هەولێر-KDP.info- سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و جه‌ختی به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی شیعه بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد و درانی به دادگا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و پرسه یه‌كلا بووه‌ته‌وه و سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ڵێنی "بێده‌نگبوونی" داوه.
په‌رله‌مانتارانی كوردی به‌غدا به‌شێك له‌و ده‌نگانه بوون كه له ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، ده‌نگیان به "به‌ڵێ" دا. دوای ئه‌وه و هێرشی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر كوردستان و داگیركردنی هه‌ندێ ناوچه‌ی كوردستان، په‌رله‌مانتارانی شیعه هه‌وڵیان داوه پارێزبه‌ندی له‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه بستێندرێته‌وه.
(بێریڤان خه‌یڵانی) به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق، ئاشكرای ده‌كات كه زۆربه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه، سه‌ر به ده‌وڵه‌تی یاسان به سه‌رۆكایه‌تیی (نووری مالیكی) جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق.
وه‌ك (بێریڤان خه‌یڵانی) بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كردووه، شاندێكی هاوبه‌ش له په‌رله‌مانتارانی پارتی، یه‌كگرتوو و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی سه‌رۆكی كوتله و فراكسیۆنه‌كانی سوننه و شیعه كۆ بوونه‌ته‌وه و سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه، گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
پێشتر ناوی 14 په‌رله‌مانتاری كورد قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیان لێ بسێندرێته‌وه، به‌ڵام دواتر په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی یاسا جه‌ختیان ده‌كرده‌وه كه ژماره‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه 20 كه‌سن.
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو، په‌رله‌مانتارانی كورد به ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتییه‌وه، له كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی په‌رله‌مانی به‌غدا بەشدار بوون و وه‌ك په‌رله‌مانتارێك ده‌ڵێ، "زۆربه‌ی په‌رله‌مانتارانی شیعه به گه‌رمیی به‌خێر هاتنه‌وه‌یان كردین".
(نه‌دا مێرگه‌سۆری) بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق، جه‌خت ده‌كاته‌وه كه "هه‌ڕه‌شه و لێدوانی زۆربه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره شیعانه وه‌ك پرۆپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردنه و رووكه‌شی سیاسه‌ته".
(مێرگه‌سۆری) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردییه‌كان له كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شیاندا، له‌سه‌ر پرسی ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه رێككه‌وتوون و دواتر له‌باره‌یه‌وه نامه‌یه‌كیان بۆ (سه‌لیم جبووری) سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ناردووه".
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه چووه و سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردییه‌كان داوایان له (سه‌لیم جبووری) كردووه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و پرسه له به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌ماندا نه‌بێت. (مێرگه‌سۆری) ده‌ڵێ، "سه‌رۆكی په‌رله‌مان بڕیاری داوه كه بێده‌نگی له‌و پرسه بكرێ و نه‌خرێته ناو به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه".
به‌پێی زانیاریی ئه‌و په‌له‌مانتارانه، ئێستایش سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردییه‌كان كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كوتله‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا به‌رده‌وامه و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی گفتوگۆكانیش پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه.
كاوه جه‌م




