حەشدی شەعبی لە زوممار و سنوورەکەی دەستیان بە کشانەوە کردووە
__2017_11_19_h17m5s24__ER.jpg)
زوممار-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە زوممار گوتی، حەشدی شەعبی دوای ئەوەی چەندین ھاووڵاتیی سڤیلیان کوشت و ماڵی خەڵکیان تاڵان کرد، ئێستا دەستیان بە کشانەوە کردووە بەبێ ئەوەی ھۆکارەکەی دیار بێت.
حەشدی شەعبی بەوە ناسراوە بچێتە ھەر ناوچەیەک لەوێ تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش، بەتایبەت لە کەرکووک و دووزخورماتوو چەندین تاوانیان ئەنجام داوە و لە سنووری پارێزگای مووسڵیش زۆر تاوانیان ئەنجام داوە.
عەمید (عیزەدین سەعدۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ماوەی دوو ڕۆژە حەشدی شەعبی لە زوممار و ڕەبیعە چەکدارانی خۆیان دەکشێننەوە و دەچنەوە بۆ ناوچەکانی دیکە، بەبێ ئەوەی ھۆکارەکەی دیار بێت بۆ کشاونەتەوە و دیار نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ھێزی پێشمەرگە لەئامادەباشیدایە و سەنگەەرکانی خۆی قایم کردووە.''
ئەو فەرماندەیە ڕوونیشی کردەوە: ''حەشدی شەعبی لە سنووری ڕەبیعە و زوممار پێشێلکاریی زۆریان ئەنجام داوە و پێش چەند ڕۆژێک ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیلی عەرەب لە مووسڵ گەڕاونەتەوە و لە لایەن حەشدی شەعبی دەستگیر کراون و ژمارەیەکیان کوشتووە و تەرمەکانیشیان فڕێ داون و جگە لەوەش دەچنە سەر ماڵان و پارە و کەلوپەلیان بەزۆر لێ وەردەگرن و ھاووڵاتییەک سکاڵای لای ئێمە کرد، کە ٥٠٠ دۆلاریان بەزۆر لێی سەندووە، بۆیە دوای ئەنجامدانی ئەو ھەموو پێشێلکارییە ئێستا لە ناوچەکە دەکشێنەوە.''
بڵند ئیبراھیم




