خۆشەوی خەلیل: بەغدا لە ماوەی دابێدا بەرانبەر بە هەرێم نەرمی دەنوێنێت

هەولیر-KDP.info- ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی لە بەغدا كردووە و ویستوویەتی ئەو كێشانەی هەن بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارە بكرێن، بەڵام وەكو دیار بوو عێراق توند بوو و غرووری پێوە دیار بوو، بەڵام غروری بەغدا نامێنێت و نەرمی دەنوێنێت بۆ چارەكردنی پرسەكان لەگەڵ هەرێم.
(خۆشەوی خەلیل) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''هەندێك بڕیار لە بەغدا دژی گەلی كورد و كوردستان دەدرێن، ئەو بڕیارانە بۆ لایەنێك و دوو لایەن نییە، پێشتر فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ بوونە، بۆیە لە داهاتووشدا ئەوان ئەگەر دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست دەبین و دژی ئەو بڕیارانە دەوەستینەوە.''
(خەلیل) ئەوەیشی گوت: ''پاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هەردەم هەرێمی كوردستان داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی لە بەغدا كردووە و ویستویەتی ئەو كێشانەی هەن بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارە بكرێن، بەڵام وەكو دیاربوو عێراق توند بوو و غرووری پێوە دیار بوو، كە ئەو غروورە تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام ئێستا خەریكە نامێنێت و نەرمی دەنوێنێ بۆ چارەكردنی پرسەكان لەگەڵ هەرێم.''
ڕابین شێروانی




