بەغدا ڕێگری لە چالاکیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردستانییەکان دەکات
__2017_11_19_h15m37s6__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- حکوومەتی عێراق ڕێگە بە ھیچ ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی و ناحکوومی نادات لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکاندا کار و چالاکی ئەنجام بدات و چالاکێکی مەدەنیش دەڵێت، کارکردن لەو سنوورە پێویستی بە مۆڵەتی بەغدایە و کار بە مۆڵەتی ھەرێم ناکەن.
حکوومەتی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بڕیاری نوێ بۆ ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەکان دەردەکات و کارکردنی ڕێکخراوەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی سەر بە ھەرێمی کوردستانی لەو سنورانە قەدەغە کردووە. لەم بارەیەوە، (ھۆگر چەتۆ)، چالاکی مەدەنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە وەک چاودێریکردنی ڕەوشی مافی مرۆف لە کەمپەکانی سنووری کەرکووک و نەینەوا بەردەوامین، بەڵام بە ھۆی ئاڵۆزیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کێشەی ھاتوچۆ بۆ تیمەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکان بەگشتی دروست بووە، لەبەر ئەوەش ئێستا ھەندێک بە زەحمەتتر دەگەین بەو شوێنانەی مەبەستمانە کاری تێدا بکەین، ھەروەھا پێویستە مۆڵەت لە حکوومەتی عێراق و ھێزە عێراقییەکان وەربگرین. ئەگەر بمانەوێ بچینە ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان.''
قەدەغەکردنی کاری ڕێکخراوەیی و مافی مرۆڤ لە کەرکووک و ھەندێ ناوچەی کوردستان لەکاتێکدایە زۆرترین پێشێلکاری لە لایەن خودی ئەو ھێزانەوە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەکرێت و ڕۆژانە تاوانی جیا ئەنجام دەدەن، (ھۆگر چەتۆ) دەڵێت: ''ھەر ڕێکخراوێکی مەدەنی و مافی مرۆڤ ئەگەر پێشتر لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت، ئەوە ڕێگەی پێ نادرێت لەو ناوچانە چالاکی ھەبێت، مەرجی بەغدا ئەوەیە پێویستە مۆڵەت لە حکوومەتی عێراق وەربگرن و خۆیان تۆمار بکەن، ئێمەش کە تیمەکانمان دەنێرین، پێشتر لە ھەردوولا خۆمان تۆمار کردووە، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت عێراق ڕێگرە لە ڕێکخراوەکانی ھەرێمی کوردستان و کار و چالاکییان قەدەغە کراوە.''
قائید میرۆ




