بەرپرسی میحوەری باشیك: حەشدی شەعبی جارێكی دیكە ناتوانێ شەڕی پێشمەرگە بكات

باشیک-KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیك دەڵێت، حەشدی شەعبی جارێكی دیكە ناتوانێ شەڕی هێزی پێشمەرگە بكاتەوە، هەروەها كردار و ڕەفتارەكانی حەشدی شەعبی ورەی هێزی پێشمەرگە زیاتر بەرز دەكاتەوە.
(حەمید ئەفەندی)، بەرپرسی میحوەری باشیك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''هێزی پێشمەرگە ئامادەكاریی باشی كردووە و ئامادەیە بۆ هەر بەر پەرچدانەوەیەك، بەڵام ئەمجارە حەشدی شەعبی ناتوانێت شەڕی هێزی پێشمەرگە بكات، چونكە لە پردێ و هەندێك شوێنی دیكە خۆیان تاقی كردەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە جارێكی دیكە زۆر زەحمەتە شەڕ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بكەنەوە، هەر جووڵەیەكیشیان هەبێت و بێنە پێشەوە، چۆن دێن وا دەگەڕێنەوە و سەركەوتوو نابن و تووشی زیانێكی زۆر گەورە دەبنەوە و هێزی پێشمەرگەش سەركەوتوو دەبێت و سەركەوتن هەر بۆ هێزی پێشمەرگەیە.''
(حەمید ئەفەندی) ڕوونیشی کردەوە: ''لە باشیك و دەوروبەری لەو شوێنەی كە پێش ئێستا حەشدی شەعبی لێ بووە هەر لەوێ ماونەتەوە و نەهاتوونەتە پێشەوە، بەڵام جموجووڵیان هەیە، هێزی پێشمەرگەش بە هێزێكی زۆر و ورەیەكی بەرزەوە چاودێری جموجووڵەكانی ئەو هێزانە دەكات و یەك بست ناكشێتەوە، كردار و ڕەفتارەكانی حەشدی شەعبی ورەی هێزی پێشمەرگەی زیاتر بەرز كردووەتەوە، چونكە ئەوەی ئەوان دەیكەن دوورە لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەكان، ئەو كارەی ئەوان دەیكەن بێغیرەتییە، ئەوەش مەعنەویاتی هێزی پێشمەرگەی بەرز كردووەتەوە، تەئكیدیشم شەڕ بكەن تووشی زیانێكی زۆر گەورە دەبنەوە.''
ڕابین شێروانی




