سێ لیژنەی پەرلەمان لهبارهی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتییهوه كۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، سبەی دووشەممە لەبارەی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتییەوە، هەرسێ لیژنەی یاسایی، مافی مرۆڤ و ناوخۆ لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و سەرۆكی چوار دادگای تاوانەكان لە هەموو كوردستان كۆ دەبنەوە.
(فەیرۆز تەها ئاكرەیی)، پەرلەمانتار لە فڕاكسیۆنی زەرد و جێگری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی كە لە دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستاندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، بڕیارە سبەی دووشەممە هەرسێ لیژنەی تایبەتمەند لەسەر یاسای لێبووردنی گشتی لە پەرلەمانی كوردستان كە لیژنەی یاسایی، مافی مرۆڤ و ناوخۆن، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و، هەروەها سەرۆكی چوار دادگای تاوانەكان لە هەموو كوردستاندا كۆ ببینەوە".
جێگری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ، "بڕیارە بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی ڕاوبۆچوونی لیژنەكان و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و سەرۆكی هەر چوار دادگای تاوانەكانی هەموو كوردستان وەربگرین و، بیكەین بە ڕاپۆرتێك و كاری لەسەر دەكەین، دەیدەین بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و تەواوی پەرلەمانتاران، تاوەكو ئەوانیش بۆچوون و پێشنیازی خۆیان بخەنە ڕوو و ئینجا لە دانیشتنی داهاتوودا بۆ خوێندنەوەی دووەم گفتوگۆ لەبارەیەوە بكرێت و پەسەند بكرێت".
(ئاكرەیی) ئەوەشی خستە ڕوو كە، "تا ئێستا دیار نییە ئەو پڕۆژەیاسایە كێ دەگرێتەوە، چونكە دەبێت ڕای هەمووان وەربگیرێت و دوای پەسەندكردنی لە پەرلەمان ئینجا بەدیار دەكەوێت، بەڵام هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی كاری باشی لەسەر بكەین".
نەشوان بەرزنجی




