فڕۆکەکانی تورکیا بە هۆی پەکەکەوە سنووری ئامێدییان بۆردومان کردەوە

ئامێدی-KDP.info- لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ وەک هاووڵاتییانی سنوورەکە دەڵێن، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە هۆی پەکەکەوە سنووری ئامێدی بۆردومان دەکەن.
(ئازاد سالەیی)، هاووڵاتیی سنووری ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە دوێنێوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری ئامێدی لە ناوچەکانی (ئاڤاشین و گەلی باڵندا) بۆردومان دەکەن و دۆکەڵێکی گەورە لە ناوچەکە هەڵدەستێت.''
ئەو هاووڵاتیە گوتی: ''تا ئێستا نازانرێت قەبارەی زیانەکە چەندە، چونکە کەس ناتوانێت نزیکی ئەو ناوچەیە بێت لە ترسی فڕۆکەکان و خەڵک دەترسن بچنە نێو باغ و بێستانەکانیان و ترسێکی زۆر گەورە کەوتووەتە دڵی خەڵک و هەر بەو هۆیەش خەڵک ناچار کران ناوچەکە بەجێ بهێڵن.''
وەک ئەو هاووڵاتییە دەڵێت: ''تورکیا بە هۆی پەکەکەوە ئەو زیانە لە ئێمە دەدات، چونکە پەکەکە بارەگاکانی لەو سنوورەدا هەن.''
کـــاروان بــــاعەدری




