پسپۆڕێكی نەوت: كەرتی وزەی ھەرێمی كوردستان داھاتوویەكی پڕشنگداری ھەیە
__2017_11_18_h11m9s3__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی كەرتی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كەرتی وزە لە ھەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە دەكات و دەڵێ، كەرتی وزەی هەرێم داھاتوویەكی پڕشنگداری ھەیە.
دكتۆر (سیروان عارەب)، پسپۆڕی كەرتی نەوت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەو پلان و ستراتیژەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ داڕێژراوە، رۆژ بەرۆژ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەوڵ دراوە بەپێی ئەو پلانە بەرھەمی نەوت زیاد بكرێت، لە ئێستایشدا ھەرێم لە ڕووی وەبەرھێنان لە كەرتی نەوتدا ھەندێك تووشی ئاڵۆزی بووە، بەڵام یەدەكی نەوتی ھەرێمی كوردستان یەكجار زۆرە و ئەگەر بەرواردی بكەین لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی ھەرێم، ئەوەیە كە نەوتی ھەرێمی كوردستان گرنگی خۆی ھەیە و لە داھاتوودا گرنگییەكەی زیاتر دەردەكەوێ، مانای ئەوە نییە ئێستا ئێمە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرھەم دێنین و تەواو، بە پێچەوانەوە كەرتی وزە لە ھەرێمی كوردستان رۆژ بە ڕۆژ گەشە دەكات".
ساڵانی رابردوو، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت بە ھۆی دەوڵەمەندیی خاكی ھەرێمی كوردستان بە سامانی سرووشتی و رێژەیەكی زۆر لە یەدەكی نەوت، روویان لە ھەرێمی كوردستان كرد و، ئێستایش چەندان گەورە كۆمپانیای جیھان سەرقاڵی وەبەرھێنانن لە كەرتی نەوتی ھەرێمی كوردستاندا، ئەو پسپۆڕەی كەرتی نەوت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "كۆمپانیاكان بە گشتی و كۆمپانیا گەورەكان بە تایبەتی، ئامادە نین دەست لە وەبەرھێنان لە نەوتی كوردستان بەردەن، لەوانەیە لە ڕووی سیاسییەوە رەوشەكە لە بەرژەوەندیی ھەرێمدا نەشكابێتەوە، پێم وابێت لە داهاتوودا كەرتی نەوتی ھەرێمی كوردستان بە قازانجی كێشەی نەتەوەیی و سیاسیی كوردستاندا دەشكێتەوە".
لەبارەی گرێبەستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆمپانیا رۆزنەفتی رووسیا، دكتۆر (سیروان) گوتی، "ڕەنگە ھاتنی رۆزنەفت لە سەرەتادا كێشەی بۆ ھەرێمی كوردستان دروست كردبێت و وای كردبێت یەكێك لە وڵاتانی گەورەی جیھان پاشەكشە بكات لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان، بەڵام ھاتنی رۆزنەفت بێگومان جارێكی دیكە ئەو گرینگییە زیاتر دەردەخات لە نێوان كۆمپانیا بیانییەكان و دەبێتە ھۆی زیادبوونی كێبڕكێ لەسەر كەرتی نەوتی ھەرێمی كوردستان و داھاتوویەكی پڕشنگدار بۆ كەرتی وزەی ھەرێمی كوردستان مسۆگەر دەكات".
قائید میرۆ




