لیژنەی دارایی: ھەوڵ دەدەین پڕۆژەیاسای بوودجە بۆ حكوومەت بگەڕێنینەوە
__2017_11_18_h10m33s5__RM.jpg)
بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حكوومەت پڕۆژەیاسای بوودجەی رەوانەی پەرلەمان كردووە و بڕگەی مامەڵەكردن لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمی گۆڕیوە و كردوویەتییە حكوومەتی ھەرێم، بەڵام كەمكردنەوەی رێژەی ١٧% وەكو خۆیەتی، بۆیە "ئێمە پێی رازی نابین و ھەوڵ دەدەین بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە".
(سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا وەكو فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری دەكەین و كۆتایی بە بایكۆتكردن دێنین، چونكە ئامادەبوونی ئێمە لە پەرلەمان باشترە، بە تایبەت كە ئێستا پڕۆژەیاسای بوودجە گەییشتووەتە پەرلەمان".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەیش كرد، "سەرۆكی پەرلەمان گوتوویەتی كە پڕۆژەیاسای بوودجە لەلایەن حكوومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت، بەڵام جارێ گفتوگۆی لەسەر ناكرێت، چونكە لیژنەی دارایی سەردانی وڵاتی كەنەدای كردووە و تا نەگەڕێنەوە ھیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكرێت".
لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لەو پڕۆژەیاسایەدا، (سلێڤانەیی) گوتی، "پشكی ھەرێمی كوردستان لەو پڕۆژەیاسایەدا بۆ ١٢.٦٧% كەم كراوەتەوە و نەكراوەتە ١٧%، بەڵام ئەو خاڵەی باسی ئەوەی دەكرد كە حكوومەت مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێم دەكات، ئەوە گۆڕدراوە و كراوەتە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئێمەش ھەوڵ دەدەین ئەو پڕۆژەیاسایە بگەڕێنینەوە بۆ حكوومەت، چونكە پەرلەمان ناتوانێت گۆڕانكاری تێدا بكات تاوەكو نەگەڕێتەوە بۆ حكوومەت، بۆیە بەوە رازی نابین پشكی ھەرێم لە ١٧% كەمتر بێت".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو لە ١٢ترلیۆن دینارەوە بۆ شەش ترلیۆن دینار كەم كراوەتەوە، كە ئەمە تەنانەت بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش ناكات.
بڵند ئیبراھیم




