عەدنان کەرکووکی: سنووری باشماخ بۆ ئاودیوكردنی نەوتی كەركووك كراوەتەوە
__2017_11_17_h10m48s43__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دۆخی كەركووك ئێستا خراپە، لەسایەی ئەو داگیركاریەی كە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كراوە، ترس و تۆقاندن بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی رۆژانە 260 هەزار بەرمیل نەوت بە تانكەر ڕەوانەی ئێران دەكرێت، نەوتی كەركووك رۆژانە بە سنووری باشماخ دەڕواتە ئێران، كە ئەو سنوورە هەر لەبەر ئەوە كراوەتەوە، دیارە گروپی 16ی ئۆكتۆبەریش بەشی خۆیان هەیە لەو نەوتە.
(عەدنان كەركووكی) گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد، نەوتی كەركووك رۆژانە بە سنووری باشماخ دەڕواتە ئێران، كە ئەو سنوورە هەر لەبەر ئەوە كراوەتەوە، دیارە گروپی 16ی ئۆكتۆبەریش بەشی خۆیان هەیە لەو نەوتە، بۆ ئەوەی لە مەرزی باشماخەوە ئاودیوی ئێران بكەن، ئەوەی عێراق ئاشكرای كردووە رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی ئێران دەكرێت بەرز دەكەنەوە بۆ 60 هەزار بەرمیل، ئەوە ڕاست نییە، ئەوەی كە لای من هەیە رۆژانە 260 هەزار بەرمیل نەوت بە تانكەر ڕەوانەی ئێران دەكرێت، تانكەرەكانیش زۆربەیان هی وڵاتی ئێرانن، شەو و ڕۆژ نەوت لە كەیوان دەگوازنەوە، كە لە كەیوان 16 شەمعە هەیە، بۆ پڕكردنی ئەو تانكەرانە لە نەوت، هەر شەمعەیەكیش بە ماوەی 20 خولەك تانكەرێكی 36 هەزار لیتری پڕ دەكات لە نەوت، لە هەر 20 خولەكێك 16 تانكەری 36 هەزار لیتری پڕ لە نەوت دەكرێت، ئەگەر لە ماوەی 24 كاتژمێر ئەوانە كار بكەن، بۆیە زیاتر لە 260 هەزار بەرمیل نەوت رۆژ و شەو لە كەركووكەوە ڕەوانەی ئێران دەكرێت، بەڵام چۆن و بە چ شێوەیەك دەفرۆشرێت ئەوە دیار نییە، بەڵام ئەوەی كە لێ دڵنیاین، ئەوە بە هیچ شێوەیەك لە چوارچێوەی پارەی پتڕۆدۆلار نادرێت بە ئیدارەی كەركووك، ئەوەش ئێران و ئەو دەسەڵاتەی كە لە كەركووكە لە پشتەوەیەتی، چونكە وەكو گوتم، كردنەوەی مەرزی باشماخ بەس بۆ ئەوە بووە نەوت رەوانەی ئێران بكەن، كە پێشووتریش لێی ڕەوانە دەكرا، حكوومەتی عێراقیش ئاگادارە، چونكە بە نیازن بۆڕیەكی نەوت لە كەركووك بۆ كرماشان ڕابكێشن و ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی ئەو بۆڕیەوە ڕەوانەی ئێران بكرێت.
دەشڵێ، دۆخی كەركووك ئێستا خراپە، لەسایەی ئەو داگیركاریەی كە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كراوە، ترس و تۆقاندن بەردەوامە، لە رووی ئەمنییەوە، لە هەموو گەڕەكە كوردییەكان مەفرەزەكانی حەشدی شەعبی دابەش بوونە و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و ماڵی هاووڵاتیان تاڵان دەكەن و لەسەر بینا بەرزەكانیش قەناس بە دەستیان لەسەرە، بۆ ئەوەی هەر جوولەیەك لەلایەن خەڵكی كوردەوە هەبێت لێیان بدەن، ئەوەش بۆ ترس و تۆقاندنی خەڵكە، ئەوەش وای كردووە كە خەڵك هەست بە نائارامی بكات، بەتایبەتی بە شەوان خەڵك دەگرن و چارەنووسیان نادیارە، لەگەڵ ئەوەی شەوانە هێرش دەكرێتە سەریان".
ڕابین شێروانی




