٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان، کونسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی لە پێشێلکارییە دەستوورییەکانی عێراق بەرانبەر بە هەرێم ئاگادار کردەوە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و ئاگادارییان کردنەوە لەو پێشێلکارییە دەستوورییانەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان کردوونی.

به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یامی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ كونسووڵ و نوێنه‌رانی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 10ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 16/11/2017، (د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی)، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو (بێگه‌رد تاڵه‌بانی)، سكرتێری په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران (زانا عه‌بدولڕه‌حمان)، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان  و (محه‌مه‌د عه‌لی یاسین)، ئه‌ندامى لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان، له‌ هۆتێل ڕۆتانا له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كونسووڵ و نوێنه‌ری وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ كونسووڵ و نوێنه‌رانی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاماده‌بوونیان، له‌ وته‌یه‌كدا مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی بۆ ئاماده‌بووان ڕوون كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ''ئێمە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و لە سەر پێشنیاری زۆربەی فراكسیۆنەكان، بە پێویستمان زانی ئەم دانیشتنە تایبەتە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز ڕێك بخەین، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەسەر ژمارەیەك لە پرسی هەنووكەیی و گرینگ، كە جێگەی بایەخی هاوبەشی ئێمەن، بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەین.''  هه‌روه‌ها ستایشی ئه‌رك و هه‌وڵ و ماندووبوونی كونسووڵ و نوێنه‌رانی وڵاتانى له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ هاوكارى و پشتیوانیی وڵاته‌كانیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و هاوكاریكردنی ئاواره‌كان و سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌ و ڕایگه‌یاند: ''بەردەوامیی ئێوەی بەڕێز لە كارەكانتان لە هەرێمی كوردستان مایەی خۆشحاڵی و ستایشی خەڵكی كوردستانە و ئاماژەیەكی دیارە بۆ پێگەی دەستووری و یاسایی و سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، بۆیە داوا دەكەین هەبوونی ئێوە بەردەوام بێت و بەهێزتریش بكرێت.''

هه‌ر له ‌وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسى له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق و پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورى و یاساییه‌كانی به‌غدا دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و ڕایگه‌یاند: ''بەداخەوە لە دوای گشتپرسیی خەڵكی كوردستان، بینیمان چۆن هێزی لەشكری و فشاری ئابووری دژی ئیرادەی گەلی كوردستان بەكار هێنرا و باری سیاسیش زیاتر لە جاران ئاڵۆز بوو و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كەوتووەنەتەوە سەر لێواری هەرەسهێنان و پرۆسەی دیموكراسیش بەرەو دواوە هەنگاوی نا.''

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جه‌ختی له‌سه‌ر چاره‌كردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوورى عێراقدا كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی ڕاشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق  بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌یەكی بنه‌ڕه‌تی بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان و ڕایگه‌یاند: ''ئێمە هەمیشە داوای دانوستاندنمان كردووە، بەڵام بەغدا بەردەوام مەرجی پێشوەخت دادەنێت و كۆسپ بەرامبەر دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست دەكاتەوه.''

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی بوودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌ و خێرا بۆ ئه‌و كێشانه‌ كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ''تا ئێستا بەغدا بە ناڕەوا مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە كردووە و ناكرێت چیی تر ئەو نادادپەروەرییە بەردەوام بێت.'' هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی په‌له‌كردن لە پەسەندكردنی یاسای (المجلس الاتحادی) كرده‌وه‌، بۆ ئەوەی ببێتە گەرەنتی بۆ گشت پێكهاتەكانی عێراق، عێراقێك كە لە سەر بنه‌ماى شەراكەت و تەوافوق بنیاد بنرێتەوە.
له‌ كۆتاییی وته‌كه‌شیدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، داوای له‌ كونسووڵ و نوێنه‌رى وڵاتان كرد، هاوكار بن و به‌شێك بن لە چارەسەر.

دواتر خاتوو (بێگه‌رد تاڵه‌بانی)، سكرتێری په‌رله‌مانى كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا باسی له‌ كار و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان كرد دوای دەستبه‌ركاربوونه‌وه‌ى و ڕایگه‌یاند: ''ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ڕابردوودا به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا هات و بووه ‌هۆی په‌كخستنی خواستی هیچ لایه‌كمان نه‌بووه‌ و پێویسته‌ په‌رله‌مان به‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی هه‌ڵبستێت.''

هه‌روه‌ها باسی له‌ پرسی ڕیفراندۆم كرد و به‌ مافێكی ڕه‌وا و دیموكراسییانه‌ی زانی بۆ هه‌ر گه‌لێك بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی بدات و ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمیشی به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور نه‌زانى و پێی وابوو كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ده‌بنه‌ هۆی ده‌ستپێكردنی دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، نه‌وه‌ك قووڵكردنه‌وه‌یان و فشار خستنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوورى عێراقدا كرده‌وه‌.

سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند، كه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ناویه‌تی پێشێلكردنێكی ته‌واوی ده‌ستووره،‌ بۆیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنى دوێنێی خۆیدا 18 ڕاسپارده‌ی ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ پێشلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ و ڕایگه‌یاند: ''پێمان وایه‌ مانه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ به‌م جۆره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی عێراقدا نییه‌، به‌تایبه‌تی گه‌لی كورد، له‌ ده‌ستووردا سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه‌ و پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق به ‌پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بكات.''

له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌ كونسووڵ و نوێنه‌ری وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، ڕۆلیان هه‌بێت له‌ هه‌رچیی زووتر ده‌ستپێكردنی دانوستاندن و دانانی سنوورێك بۆ پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق.
 

هەواڵی پەیوەندیدار