مەسروور بارزانی: لە دۆخی کریستانەکانی دەشتی نەینەوا نیگەرانین

ههولێر-KDP.info- له دیداریدا لهگهڵ سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی له هەولێر، (مەسروور بارزانی) جەختی کردەوە، کە هەرێـمی کوردستان پاڵپشتیی تەواوی داواکارییەکانی برا کریستانەکانی دەشتی نەینەوا دەکات و، هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانیش بۆ وەدەستخستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ 16/11/2017، (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مەتران (بەشار مەتی وەردە) سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر کرد.
لەم دیدارەدا سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی هەولێر باسی دواپەرەسەندنەکانی دەڤەرەکە و بە تایبەت دواڕەوشی کریستانەکانی دەشتی نەینەوای کرد و ئاماژەی دا، کە ئەم رەوشەی ئێستای دەشتی نەینەوا بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارە کریستانەکان نەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێنەوە و هەروەها ئەو ئابڵۆقە ئاسمانییەی سەر هەرێمیش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ڕابگیرێت.
مەتران (وەردە) دوپاتی کردەوە، کە تاکە ناوچەی ئارام بۆ کریستانەکان هەرێمی کوردستانە و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر پاڵپشتی لە هەرێم و کریستانەکان بکەن.
لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەی پێکەوەژیان دەمێنتەوە، نیگەرانیی قووڵی هەرێمی کوردستانیشی بەرامبەر بە ڕەوشی کریستانەکانی دەشتی نەینەوا و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت دەربڕی و، جەختی کردەوە، کە هەرێـمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر بەم کردەوانە بێدەنگ نابێت و پاڵپشتیی تەواوی داواکارییەکانی برا کریستانەکانی دەشتی نەینەوا دەکات و، هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانیش بۆ وەدەستخستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاواتی خواست برا کریستانەکان خۆڕاگر بن و وڵات بەجێ نەهێڵن و رێگری لەو پیلانانە بکەن کە ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکانیانە.




