ماڵهكهی كراوه به بارهگای حهشدی شهعبی.. محەممەد كەمال: ئەوە ئاساییبوونەوەی كەركووكە؟

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باس لەوە دەكات كە پاش تاڵانكردنی، دوێنێ ماڵەكەی كراوە به بارەگای بەرپرسێكی حەشد، هاوكات هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە نادەستووری ناو دەبات.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك داوای لە لیستی برایەتی كردووە، كە لە شارەكەدا كۆ ببنەوە نەك لە هەولێر، گوایا بارودۆخی شارەكە ئاسایی بووەتەوە، لەو بارەیەوە (محەممەد كەمال) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی برایەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "برادەرێك هاتە لامان كە لە كەركووك كۆبوونەوە بكەین، منیش پێم گوت، ئێوە دەتوانن ئەو هەمەر و دەبابانەی لە شارەكەدا هەن بیانكەنە دەرەوە؟ گوتیان ناتوانین، ئێمەیش پێمان گوتن تا ئەوە نەكەن ئێمە ناگەڕێینەوە كەركووك و كۆبوونەوە ناكەین، كۆبوونەوە بكەین و پارێزگارێك دابنێین بێدەسەڵات بێت و تەنیا بڕیارەكانی حەشد جێبەجێ بكات، هەر نەیكەین باشترە".
(كەمال) گوتیشی، ماڵەكەی پێشتر تاڵان كراوە و هەندێ كەلوپەلیشی كە مابووەوە، دوێنێ بە تەواوی بردوویانە، ئێستایش ماڵەكەیان كردووەتە بارەگای (سەید كازم) بەرپرسی حەشدی شەعبیی ئەو ناوچەیە، "ئەوە ئاساییبوونەوەی كەركووكە؟، هەر كەسێك دەڵێ رەوشی كەركووك ئاسایی بووەتەوە، لە باڵی كودەتاچییەكانە".
لەمەڕ گەڕانەوەیان بۆ شارەكەیش، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باس لەوە دەكات، كە بەو ئەندامەی ئەنجوومەنیان گوتووە، بڕۆن با ئەو باڵەی كە هاوكاریی حەشد و سوپای عێراقی كرد، بەڕێوەبەرەكانمان بگەڕێننەوە و چەكدار لە شارەكە دوور بخەنەوە، ئەو كات ئەمانیش دەگەڕێنەوە، بە سەرسووڕمانیشەوە گوتی، "ئەو باڵە خۆ دەبێت لە بەرانبەر ئەو هاوكاریانەیدا دەسەڵاتی هەبێت و هەندێ كار بۆ ئاساییكردنەوەی شارەكە بكات!".
لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، هەوڵێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەیە، ئەوەیش هەنگاوێكی تری بەغدایە و، لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە كار بۆ عەرەباندنی شارەكە دەكات، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە ئاماژە بە نایاساییبوونی وەها كارێك دەكات، كە لادانە لە دەستوور و دەڵێت، "كەركووك داگیر كراوە، داگیركارییش كەی گوێی بە یاسا و رێسا داوە، گەرنا بە پێی دەستوور، تەنیا ئەنجوومەن دەتوانێت خۆی حەل بكات، نەك پەرلەمان حەلی بكات".
خێڵان بهختیار




