٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەركووكی: تا ئێستا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك نەناردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، ھێشتا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە فەرمی ھیچ كەسێكی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك كاندید نەكردووە و دەشڵێ، ئەمڕۆ لیستی برایەتی لە ھەولێر كۆ دەبێـتەوە، بەڵام ئەستەمە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە كەركووك بەڕێوە بچێت.

دوای رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، پارێزگاری كەركووك دكتۆر (نەجمەددین كەریم) شارەكەی جێھێشتووە و بە ھۆی داگیركاریی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكانەوە، ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر كارەكەی، دانانی پارێزگاری نوێیش پێویستی بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ھەیە و لەم بارەیەوە (عەدنان كەركووكی)، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھێشتا پرسی پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا یەكلا نەكراوەتەوە و ئەندامانی پارتیمان لە لیستی برایەتی داوایان لە برادەرانی یەكێتی كردووە كاندیدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك، بۆ ئەم مەبەستەیش كوتلەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا داوای نووسراوی مەكتەبی سیاسیی كردووە كە ئایا كاك (رزگار عەلی) بە فەرمی كاندیدی ھەموو مەكتەبی سیاسییە یانیش لەلایەن باڵێكەوە كاندید كراوە".

لەبارەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە شاری كەركووك و یەكلاكردنەوەی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگار، (كەركووكی) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "جگە لە كورد، ھەریەكە لە عەرەب و توركمانیش كاندیدیان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ھەیە، ئێمە وای دەبینین پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك ئاسان نییە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممەیش لیستی برایەتی لە ھەولێر كۆ ببێتەوە و پێشبینی دەكەین لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پرسی كۆبوونەوەی ئەنجوومەن و دیاریكردنی پارێزگار یەكلا بكرێتەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە ئەنجوومەنی پارێزگا بتوانێ لە كەركووك كۆ ببێتەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار