راوێژكاری سەرۆككۆمار: بەم زووانە گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدا دەست پێدەكات

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق دەڵێ، بڕیارە بەم زووانە گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوانیان دەست پێبكات، بۆ ئەو مەبەستەیش حكوومەتی عێراق بە فەرمی داوای رەوانەكردنی شاند لە ھەرێم دەكات، لەبەر ئەوەی سەرۆكوەزیران گوشاری دنیای لەسەرە.
(د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ماوەیەكی نزیكدا حكوومەتی عێراق داوا لە ھەرێمی كوردستان دەكات شاندێك رەوانە بكەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە نێوان ھەردوولادا دەست پێبكات، تا لە ڕێگەی گفتوگۆوە كێشەكان چارە بكرێن، كە رەنگە چوونی شاندەكە نەگاتە زیاتر لە حەفتەیەك."
(عەلیاوەیی) گوتیشی، "سەرۆكوەزیرانی عێراق گوشارێكی زۆری لەسەرە بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و كێشەكان چارە بكرێن، لەبەر ئەوەی ھەموو دنیا گوشاری لەسەر دروست كردووە."
راوێژكارەی سەرۆككۆماری عێراق دەشڵێ، سەرۆكوەزیرانی عێراق غروورییەكی گرتووە و ئەمەیشی بۆ ناچێتە سەر، بۆیە پێویستە ملكەچی ئەوە بێت گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بكات.
(د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) پێوەست بە پڕۆژەیاسای بوودجە كە پشكی ھەرێمی كوردستان كەم دەكرێتەوە یان نا، باسی لەوە كرد، "لە ئێستادا ڕەشنووسەكە ئامادە و رەوانەی پەرلەمان كراوە و پێویستە لەوێیش شەڕی بوودجە بكرێت، بەڵام ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە رێككەوتن بكرێت، ئەو كات ئەم كێشەیەیش چارە دەكرێت."
بڵند ئیبراھیم




