نێچیرڤان بارزانى نامه‌یه‌كى له سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه پێگه‌یشت

هەولێر-KDP.info- (ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس)، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نامه‌یه‌كدا بۆ (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پشتگیریى خۆى بۆ دیالۆگێكى سیاسى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراقى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌ر‌بڕى.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ١٥/١١/٢٠١٧ له دیدارێكدا كه (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆكوه‌زیرانیش ئاماده‌یى بوو، (یان كۆبیش) نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق نامه‌كه‌ى گه‌یانده (نێچیرڤان بارزانى) و تیایدا (گۆتێریس) خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕیوه به‌وه‌ى كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق له چه‌ندین بۆنه‌دا ئاماده‌ییى خۆیان بۆ گفتوگۆ نیشان داوه.
ئاماده‌ییى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانى بۆ هاوكارى له گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولادا ده‌ربڕیوه و ده‌ڵێت: "هه‌ردوولا هان ده‌ده‌م كه هه‌نگاوى پێویست بنێن بۆ دابینكردنى زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار له‌پێناو ده‌سپێكردنى دانوستانێكى ڕاسته‌قینه". هه‌روه‌ها دووپاتى كردۆته‌وه "كاتێك كه هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه ماوه، له‌پێناو ئاشتبوونه‌وه‌ى نیشتمانى و دابینكردنى زیاترى سه‌قامگیریدا، ده‌بێ له‌م دۆخه‌دا ڕێ له ناسه‌قامگیرى بگیرێت".
له دیداره‌كه‌دا (یان كۆبیش) ده‌ستخۆشی له هه‌وڵه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان كرد و هه‌موو هاوكارییه‌كى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی له‌مباره‌یه‌وه نیشان دا. نێچیرڤان بارزانییش سوپاسی سه‌ردانه‌كه و نامه‌ى سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی كرد، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه ئاماده‌یه هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق به دیالۆگ و له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره بكات.




