لە بەغداوە کار بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی کورد لە کەرکووک دەکرێت
__2017_11_15_h16m24s23__ER.jpg)
کەرکووک-KDP.info- (سەلاح دەلۆ) زانیاریی دا کە بەغدا و دەوڵەتی یاسا دەیانەوێت سەرجەم پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک و دووزخورماتوو پڕ بکەنەوە و کەسانی خۆیان لە پۆستەکاندا دابنێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بەهێزیی کورد لەو ناوچانە کەم بکەنەوە و فشاریان لەسەر دروست بکەن.
لە دوای داگیرکردنی کەرکووکەوە تا ئێستا سێ گۆڕنکاریی گەورە کراوە و سەرجەم گۆڕنکارییەکان لە بەغداوە بڕیاریان لەسەر دراوە، یەکێک لەوانە گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەکان و دووەم پۆستە ئیدارییەکان و سێییەم گۆڕانکاری لە خزمەتگوزاریی شارەکە و لادانی ڕەمزە کوردییەکان، دوا بڕیاری حکوومەتی عێراق گۆڕانکارییە لە پۆستە ئیدارییەکان و حزبە کوردستانییەکان پێیان وایە، بەغدا ناشیەوێت پۆستی پارێزگاری ئەو شارە بداتەوە بە کورد، سەرجەم ئەو کەسانەش کە دانراون لە پۆستە ئیدارییەکانی ئەو شارەدا سەر بە حزبی دەعوەن. (سەلاح دەلۆ)، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەغدا و دەوڵەتی یاسا دەیانەوێت سەرجەم پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک و دووزخورماتوو پڕ بکەنەوە و کەسانی خۆیان لە پۆستەکاندا دابنێن ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بەهێزیی کورد لەو ناوچانە کەم بکەنەوە و فشاریان لەسەر دروست بکەن، لە کاتێکدا مەترسیی ئەوەش دەکرێت کە بە هۆی دەرکردنی کورد لە پۆستە ئەمنییەکان ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.''
(سەلاح دەلۆ) گوتی: ''ئەوەی دەکرێت پیلانێکی مەترسیدارە لە دژی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و حکوومەتی عێراق دەبێ خۆی وەڵامی ئەو مەترسییە بداتەوە.''
(سەلاح دەلۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''دەبێ ڕەوشی شاری کەرکووک ئارام بکرێتەوە و ئەو دەستدرێژیانەی کە دەکرێتە سەر کورد لەو شارە ڕاوەستێنرێت.''
ئەمە لەکاتێکدایە حکوومەتی عێراق هێشتا بڕیاری نەداوە بۆ ئەوەی دۆخی ئەو شارە ئارام بکاتەوە و ئەنجومەنی پارێزگای ئەو شارەش دەستبەکار نەبووە.
کارزان سەباح هەوارمی




