حەشدی شەعبی کێشە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی دروست دەکات

شنگال-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتی، حەشدی شەعبی لە دوای ھاتنیان بۆ شنگال کێشە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دروست دەکەن، بۆیە پرۆسەی ڕزگارکردنیان بە خاوی بەڕێوە دەچێت.
(حوسێن قایدی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ژمارەیەکی زۆر کچ و ژنی ئێزدی لە ڕووی دەروونی و جەستەیییەوە بۆ چارەسەرکردن پێویستیان بە دەرەوەی وڵات ھەیە و ھەموو ڕێکارەکانی سەفەرکردنیان تەواو بووە و ڤیزەیان ئامادەیە، ئینجا لە ڕێگەی حکوومەتی وڵاتانەوە بێت، یان ڕێکخراوەکان، بەڵام بە ھۆی نەبوونی فرۆکەخانەکان نەیانتوانیوە سەفەر بکەن، لەکاتێکدا چوونیان بۆ دەرەوەی وڵات زۆر پێویستە.''
لەبارەی گەیشتنی ھاوکارییەکان لە لایەن وڵاتانەوە بۆ ئاوارەکان، گوتی: ''دوای داخستنی فرۆکەخانەکان ڕێکخراوەکانی بواری مرۆیی ناتوانن ھاوکاری و کەلوپەل بۆ ئاوارەکان بێنن و یارمەتییان بدەن، کە ئێستا ئاوارەکان پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە.''
سەبارەت بە ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، (حوسێن قایدی) باسی لەوە کرد: ''دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال و زوممار و گرتنی ڕێگاکان، ئەمە بووەتە ھۆی ئەوەی کێشە بۆ پرۆسەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دروست بێت و پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوە بچێت.''
لە ڕێی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدییەوە، کە سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، تا ئێستا ٣ ھەزار و١٩٠ کەس ڕزگار کراون و نزیکەی ٣ ھەزار و١٠٠ کەسی دیکەش لەدەستی داعشدا ماون.''
بڵند ئیبراھیم
Attachments area




