"ڕێزگرتنی هەرێم لە ڕاڤەیەکی دادگای فیدراڵی بەو مانایە نییە کە ڕازییە بە پێشێلکاریی ماددەکانی دەستوور"

ھەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە باس لەوە دەکات ڕێز لە ڕاڤەکردنی دادگای فیدراڵی دەگرێت، بەو مانایە نییە، ھەرێمی کوردستان بەو ھەموو پێشێلکارییەی لە لایەن عێراقەوە لە دەستووردا دەکرێت، ڕازییە و پابەندە بە یەکپارچەییی عێراق، بەڵکو کاتێک پابەندە بە یەکپارچەییی عێراق کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێک لەبارەی ڕاڤەکردنی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەکەمی دەستووری عێراق بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ''ڕێز لەو ڕاڤەکردنەی دادگای باڵای فیدراڵی دەگرین و، دووپاتیشی دەکەینەوە کە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەک بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان.'' ھەندێک لە بەرپرسانی عێراقیش پێیان وایە، ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو پێشێلکارییانەی بەغدا لە دەستووردا دەیکات، بە یەکپارچەییی خاکی عێراق ڕازییە. لەوبارەیەوە چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ، (د. بوخاری عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕاڤەکردنی دەستوور لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە پێشان دەدات کە بە پێی ماددەی یەکەمی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و خاوەن سەروەریی خۆیەتی و ناکرێت دابەش بکرێت و وڵاتێکی دیموکراسییە، حکوومەتی ھەرێم مادام پابەندیی خۆی بە دەستووری عێراق ڕاگەیاندووە و پێی وایە پێویستە دەستوور ببێتە حەکم لە نێوان ھەردوولا، ئەوە بەو مانایە دێت کە ھەرێم بە ھەموو بەندەکانی دەستوور ڕازییە، بەوەش کە باسی یەکپارچەییی عێراق دەکات، بەڵام ئەمە ئەوکاتەیە کە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمیش چۆن لە دەستووردا ھاتووە بەوشێوەیە جێبەجێ بکرێت، بۆیە نەک ھەرێمی کوردستان بەو ھەموو پێشێلکارییەوە کە لە لایەن کاربەدەستانی عێراقەوە لە دەستووردا دەکرێت، ڕازییە و پێویستە ئەمە ڕوون بێت.''
لەبارەی ئەوەی ھەرێم بە چ شێوەیەک بەوە ڕازییە کێشەکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، (د. بوخاری عەبدوڵڵا) گوتی: ''ھەرێمی کوردستان گەر بەو ھەموو پێشێلکارییە ڕازی بێت، واتا بە داگیرکردنیش ڕازییە، کە بەغدا کردوویەتی، بەڵام حکوومەتی ھەرێم و خەڵکی کوردستانیش بە ھیچ شێوەیەک بەو پێشێلکارییانە ڕازی نابن و خەباتیش دەکەن بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێت، کە دەستوورێکی فیدراڵی و دیموکراسییە و ھەر ئەو دەستوورە، کە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت دەبێتە ھۆی یەکپارچەییی عێراق.''
بەغدا زیاتر لە٥٠ ماددەی دەستووری پێشێل کردووە و ئێستاش بەشە بوودجەی ھەرێمی کەم کردووەتەوە و بەردەوامیشە لە پێشێلکردنی دەستوور، لەوبارەیەوە (عەبدوڵڵا) جەختی کردەوە: ''ھەرێمی کوردستان کە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە، بۆ ئەوەیە دەستوور چیی بۆ کورد داناوە، ئەوە بە کورد بدرێت، چونکە بەغدا بەردەوام پێشێلکاری ئەنجام دەدات، بۆیەش ھەرێم داوای گفتوگۆ دەکات لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە و دەستوور ببێتە حەکەم، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ھەرێم دەستبەرداری مافەکانی دیکەی دەبێت، بەڵام ھەرێم سوورە لەسەر ئەوەی مافەکانی بە پێی دەستوور بدرێت.''
(د. بوخاری عەبدوڵڵا) گوتیشی: ''ئێستا لە عێراق ھەموو لایەنەکان پابەند نابن بە دەستوور و بە ھێز کار دەکەن لەجیاتی ئەوەی بە دەستوورەوە پابەند بن، بەڵام پێویستە ھەوڵ بدرێت ھەموو لایەک پابەندی دەستوور بن، گەرنا عێراق ھیچ کات سەقامگیر نابێت و عێراقیش یەکپارچە نابێت.''
بڵند ئیبراھیم




