پەرلەمان رەشنووشی پڕۆژەی پێشنیازكراوی بوودجەی بەغدای بۆ ساڵی 2018 تاوتوو كرد

هەولێر-KDP.info- سەعات 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 15/11/2017، پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و (بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی) سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (5)ـی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی چوارەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجام دا.
سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لە چوار خاڵ پێك هاتبوو، خاڵی یەكەمی تایبەت بوو بە خوێندنەوەی یەكەمی هەردوو پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی پیادەكردنی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە (87)ـی ساڵی 1979ـی هەمواركراو لە هەرێم لەگەڵ پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان-عێراق.
خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش تایبەت بوو بە جێگرتنەوە و سوێندخواردنی (مستەفا ئەحمەد حەمەد) لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (گۆران ئازاد محەممەد)، بەپێی ماددەی (31) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان. خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە پێشچاوخستنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (ئاری محەمەد هەرسین) لە لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی)، بەپێی ماددەی (44) لە پەیڕەوی ناوخۆ.
دواخاڵیش بریتی بوو لە گفتوگۆیەكی كراوە لەسەر پڕۆژەی پێشنیازكراوی بوودجەی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بوودجەی هەرێمی كوردستان و شاییستە داراییەكانی لەم چوارچێوەیەدا.
بەر لە دەسپێكردنی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لەسەر داوای سەرۆكایەتیی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی كوردستان خولەكێك بە بێدەنگی وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاكی قوربانیانی كارەساتی بوومەلەرەزەكەی رۆژانی رابردوو كە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێی ناوچەكەی گرتەوە.
دواتر خاڵەكانی بەرنامی كار خرانە ڕوو، لیژنەی كاروباری یاسایی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەردوو پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی پیادەكردنی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە (87)ـی ساڵی 1979ـی هەمواركراو، لەگەڵ پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی كرد و لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانیشەوە ئاراستەی لیژنەی یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەكان كران بۆ ئەنجامدانی رێككارە یاساییەكانی.
خاڵەكانی دووەم و سێیەمیش تایبەت بوون بەسوێندخواردنی پەرلەمانتار (مستەفا ئەحمەد حەمەد) لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (گۆران ئازاد محەممەد)، هەروەها پێشچاوخستنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (ئاری محەممەد هەرسین) لە لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی)، ئەم خاڵانەیش بۆ پەرلەمانتاران خرانە ڕوو و، رێكارە یاساییەكانیان بۆ ئەنجام درا.
سەبارەت بە دواخاڵی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەیش، كە بریتی بوو لە گفتوگۆیەكی كراوە لەسەر پڕۆژەی پێشنیازكراوی بوودجەی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بوودجەی هەرێم، سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێشنیازی كرد گفتوگۆكردنی ئەو خاڵە بە شێوەیەكی داخراو بێت و بە زۆرینەی دەنگ (47 دەنگ بەرانبەر 31 دەنگ) ئەو پێشنیازە پەسند كرا و دانیشتنەكە بووە داخراو.




