بەرپرسانی پارتی: تا کەرکووک بە داگیرکراوی بمێنێتەوە، پارتی بۆی ناگەڕێتەوە

هەولێر-KDP.info- چەند سەرکردەیەکی پارتی رایدەگەیەنن، کە هەرگیز بە لاوازی ناگەڕێنەوە پارێزگای کەرکووک، ئاماژەش دەدەن، هەر کاتێک پارتی بەهێز بووبێت، مافەکانی کورد پارێزراو بوون، هەربۆیەشە لە لایەن ناحەزانەوە زیاتر دژایەتیی پارتی دەکرێت.
(نووری حەمەعەلی) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "ئامادە نین کادیر و ئۆرگانەکانمان بنێرینەوە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی حەشدی شەعبی، تا ئەوکاتەی کۆتایی بە داگیرکاری دێت"، لە لایەکی تریشەوە (دیاری حوسێن) جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک- گەرمیان دەڵێت: "کەرکووک داگیر کراوە، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەو شێوەیە ناگەڕێینەوە ئەو شارە، چونکە ئێستا ھیچ مۆرکی کوردستانی پێوە دیار نییە".
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و رێککەوتنی چەند کەسێکی نێو لایەنێکی کوردستانی، پارێزگای کەرکووک و دەورووبەری رادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای بەغدا کران، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس، ئەو هێزانە دەسیان لە رووخاندن و تاڵانکردن و سوتاندنی ماڵە کوردەکان نەپاراست، بە تایبەتیش بارەگاکانی پارتی و کادیران و لایەنگرانی پارتی زیاتر بەر ئەو شاڵاوەی حەشد کەوتوون، کە بە نزیکەی ٤٠ بارەگای پارتی دەخەمڵێندرێن.
(نووری حەمەعەلی) هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، پارتی حزبی خەباتگێڕ و بەرگریکاربووە لە مافی گەلی کوردستان، ھەر لەبەر ئەوەشە زیاتر پارتی دەبێتە ئامانجی ناحەزانی کوردستان، ئێستاکەش کە پارتی ئامانجی دوژمنانە، چونکە ھەر کاتێک بەھێز بووبێت، کەواتە کێشەی کورد بەرەو چارەسەرکردن چووە و کوردستان بەھێز بووە، بە پێچەوانەوە ھەر کاتێک پارتی لاواز بووبێت، ئەوا دوژمن و ناحەزان زوڵمیان لە نەتەوە و گەلی ئێمە کردووە".
سەبارەت بە هەوڵی عەرەباندنی شارەکە، (دیاری حوسێن) نموونە بە لابردنی نزیکەی ٥٠ ئەفسەری پۆلیسی کورد دێنێتەوە، کە ھەمووان پلەدارن و لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، گوازراونەتەوە بۆ سەر ئومرەی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و چەک و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانیان لێ وەرگرتوونەتەوە، گوتیشی: "لە ئێستا ھەر عەرەبێک بۆی ھەیە بێتە کەرکووک، خانوو و زەویی لەسەر تاپۆ دەکرێت، چونکە پێشتر ئەوەی (سورەت قەیدی) ساڵی١٩٥٧ی نەبووایە، نەیدەتوانی زەوی و خانوو بکڕێت، ئەوەش بۆتە هۆکار کە خەڵکێکی ھێندە زۆری عەرەب ڕوویان لە شارەکە کردووە و زەوی و خانوو دەکڕن".
بڵند ئیبراھیم - قائید میرۆ




