٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی هەولێر چەندان كەسی بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك دەستگیر كردوون

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەمشەو لە هەولێر و دەوروبەری چەندان كەسیان بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك بە شێوەی نایاسایی و چەقۆ و دامبۆكس، قۆڵبەست كردوون.

لیوا (عەبدولخالق تەڵعەت) بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمشەو دەستیان بە هەڵمەتێكی پشكنین لە كافتریا و شوێنە گشتییەكان دەست پێكردووە و كۆمەڵێك كەسیان بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك بەبێ مۆڵەت و بە شێوەی نایاسایی، دەستگیر كردوون.
وەك بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر هێمای بۆ كرد، تیمی گەڕۆكیان هەیە و جگە لەوەی لە شوێنە گشتییەكان و كافتریا و قاوەخانەكاندا دەستیان بە پشكنینی ورد كردووە، بەوپەڕی وریایی و چاوكراوەییەوە، تیمەكانیان بازگەی كاتی دادەنێن و هەموو ئەوانە دەستگیر دەكەن كە سەرپێچیی یاسا دەكەن.


لیوا (تەڵعەت) ئەوەشی خستە ڕوو، لەو هەڵمەتەدا هێزەكانی ئاسایشی گشتی، ئاسایشی هەولێر، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی ناوشار بەشدارن و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت.

 

ئومێد بابان

هەواڵی پەیوەندیدار