٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناسنامه‌ی 60 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب بۆ كه‌ركووك ده‌گوازرێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info-  سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، بەغدا بەرنامەیەكی بۆ عەرەباندنی ناوچە كوردستانییەكان داناوە بە تایبەت كەركووك، بۆیە پێویستە كورد بێتە دەنگ و لەسەر ئەو پرسەیش یەكھەڵوێست بن.


دوای رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، بەغدا لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان عەرەب دەھێنێتە ئەو ناوچانە بۆ عەرەباندن و، لە ئێستادا بە بەردەوامی خێزان دەگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و دەست بەسەر ماڵ و زەوییەكانی كورددا دەگرن.

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان (شوان شێخ ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "حكوومەتی عێراق بەرنامەیەكی داناوە بۆ عەرەباندنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بە تایبەت كەركووك، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان بێنە دەنگ و لەسەر ئەو پرسە یەكھەڵوێست بن و راشكاوانە لەسەر ئەو بابەتە قسە لەگەڵ بەغدا بكەن، چونكە نەك تەنھا پڕۆسەی عەرەباندن بەڕێوە دەبرێ، بەڵكوو شیعاندنی ئەو ناوچانەیش لە بەرنامەیاندایە".

لەبارەی ئەوەیشەوە ھەرێم چ ھەنگاوێك بنێت بۆ رێگریكردن لە عەرەباندنی ئەو ناوچانە، (شوان شێخ ئەحمەد) گوتی، حكوومەتی عێراق گوێ لە كەس ناگرێت و دەیەوێت خۆی بسەپێنێت، بۆیە پێویستە كورد لە رێگەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ھەوڵ بدات كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بكات و پشتیوانی لەوە بكات كە دەستوور جێبەجێ بكرێت.
باسی لەوەیش كرد كە، حكوومەتی عێراق ئەو دۆخەی دروستی كردووە لەسەری بەردەوامە و بە سیاسەت ئەو كارە دەكەن، ئەمەیش ھەوڵێكە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە كوردستانیانە، بۆیە پێویستە دیراسەیەكی وردی ئەو دۆخە بكرێت، خیتابی سیاسیی كورد یەك بێت و كۆدەنگی لەسەر ئەو پرسە دروست بێت و سنوورێك بۆ ئەو دۆخە دابنرێت".
(شێخ ئەحمەد) ئەوەیشی خستە ڕوو، "پێویستە گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست بكرێت، بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بكرێت و مافەكانی كورد بدرێت، دەبێ ئێمەیش لە نێوخۆماندا واز لە ململانێی ناوخۆیی بێنین و لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكەوینە گفتوگۆ و كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بكەین".

لە داقووق ماڵە كوردەكان دەردەكرێن و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ دەكرێن
لە ١٦ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، حەشدی شەعبی بە ھاوكاریی پاسدارانی ئێران و چەند سەركردەیەكی حزبێكی كوردستانی، دەستیان بەسەر كەركووكدا گرت و تاوانی زۆریان ئەنجام دا، بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووقیش دەڵێت، بەغدا لە بەرنامەیدا ھەیە نزیكەی ٦٠ هەزار خێزانی عەرەب ناسنامەكەیان بگوازێتەوە بۆ كەركووك و، ئێستایش ماڵی كورد دەردەكەن و ماڵی عەرەب لە شوێنیان جێگیر دەكرێن.

بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق (فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێش ساڵی ٢٠٠٣ عەرەبێكی زۆر ھاوردەی سنووری داقووق كرابوون، دوای ڕووخانی رژێمی بەعس و گەڕانەوەی كورد، ئەو عەرەبانە ھەموویان رایان كردبوو بۆ شوێنی پێشووی خۆیان، بەڵام ئێستا كە حەشدی شەعبی ھاتوونەتەوە بۆ سنوورەكە، ئەو عەرەبانە جارێكی دیكە گەڕاونەتەوە ناوچەكە و ماڵ و زەوی خەڵكیان داگیر كردووە".
(ئەحمەد) گوتیشی، ئەو عەرەبانە زەویی كشتوكاڵی كوردەكان و حەوزی ماسی و كێڵگە كشتوكاڵییەكان و ھەموو شتێكیان لێ داگیر كردوونە و جووتیارەكانیشیان ئاوارە كردووە، بۆیە ئەوەی حەشدی شەعبی لە كەركووك دەیكات، زۆر لەو بەعەرەبكردنە مەترسیدارترە كە رژێمی بەعس كردوویەتی، چونكە ماڵە كوردەكان دەردەكەن و ماڵی عەرەب دەخەنە شوێنەكانیان".
لەبارەی دۆخی ئەمنییشەوە گوتی، "دۆخی ئەمنی زۆر خراپە و خەڵكی كورد دەردەكرێن و دۆخەكە لەمە خراپتر نابێت، چونكە ئەو عەرەبانەی ھاوردە دەكرێن تەنانەت ناسنامەكەیشیان بۆ سنووری كەركووك دەگوازرێتەوە تا ببنە عەرەبی كەركوك، بۆیە ئەوەی من زانیاریم ھەبێت بەنیازن ٦٠ هەزار خێزانی عەرەب ناسنامەكەیان بۆ كەركووك بگوازنەوە".
ماوەیەك پێش ئێستا، حكوومەتی عێراق بڕیارێكی دەركرد بەوەی كە ئەو عەرەبانەی بیانەوێت ناسنامەیان بۆ سنووری كەركووك بگوازنەوە، رێگەیان پێ دەدەن و ئەم بڕیارەیش رەوانەی ئیدارەی كەركووك كرا بۆ جێبەجێكردنی، ئەمەیش لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەی بەعەرەبكردنەیە كە بەغدا دەستی پێ كردووە.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار