٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆران جەلال: پێویستە ھەموو ھێزە سیاسییەكان ھاوكاری حكوومەت بن بۆ چارەكردنی كێشەكان

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پێویستە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەكان ھاوكاریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ چارەكردنی كێشەكان و دەڵێت، ھەڵەیەكی گەورەیە لەم قۆناغەدا داوای حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی دەكرێت.

سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی كێشەكان بڕیارە سەردانی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان بكات، ئەمەیش بۆ وەرگرتنی بۆچوونی گشت لایەك و بەشداریی ھەموو ھێزە سیاسییەكان لە چارەكردنی كێشەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستاندا، لەم بارەیەوە (گۆران جەلال)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "چارەكردنی كێشەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان ئەركی ھەموو لایەنە سیاسییەكانە و پێویستە ھەر لایەنێك پڕۆژە و بۆچوونی خۆی ھەبێت، بۆ ئەوەی بە ھەموو لایەك قۆناغەكە تێپەڕێنین، لە سەرووی ھەموویشیانەوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەركی سەرەكیی چارەكردنی كێشەكانی لەئەستۆیە، چونكە دوای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەرپرسیارەتییەكە كەوتووەتە سەر حكوومەت، ھەنگاوەكانی حكوومەت بۆ سەردانیكردنی لایەنەكان بەرز دەنرخێنین، بەڵام پێویستە سەرۆكایەتیی حكوومەتیش بەرنامەیەكی ھەمەلایەنەی گشتگیری ھەبێت بۆ ئەوەی پێشكەش بە لایەنە سیاسییەكانی بكات و بە وەرگرتنی بۆچوونی ھەموو ھێز و لایەنەكان دەرچەیەك بۆ چارەكردن ببینینەوە".

 (گۆران جەلال) گوتیشی، "قۆناغەكە ھیی ئەوە نییە داوای حكوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی بكەین، چونكە ڕەوشی كوردستان و ناوچەكە دیارە لە قۆناغێكی ھەستیاردایە، من وای دەبینم ئەو حكوومەتەی ھەیە ھاوكاری بكرێت و ماوەكەی تەواو بكات، چونكە ڕێكارە یاساییەكانیش دەرفەتی ئەوە نادەن، لەو ماوە كەمەدا حكوومەت ھەڵوەشێتەوە و حكوومەتی كاتی دروست بكرێت، بە مانەوەی حكوومەتی ئێستا دەتوانرێت كێشەكان چارە بكرێن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار