نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر دەمانەوێ سەقامگیری لە عێراقدا هەبێ، دەبێ گفتوگۆی جیددی بکەین

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو سیاسەتەی کە ئێستا ئێمە لە حکوومەتی بەغداوە دەینینین، بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە و، کە بەغدا بیەوێ، ئێمە ئامدەین لەسەر بنەمای دەستوور گفوگۆی بنیاتنەر بکەین.
گوتیشی، ئەگەر دەمانەوێ سەقامگیری لە عێراقدا هەبێ، دەبێ گفتوگۆی جیددی بکەین، چونکە کێشەکانی نێوانمان کیشەی مافی گەلی کوردە کە دەستوورین و، خۆ ئەگەر گەلی ئێمە دڵنیا بایە و دڵنیا ببێ کە مافەکانی پارێزراو بن، ئەوا پەنای بۆ شتی دیکە نەدبرد.
(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، لە پرێسکۆنفڕانسی هەفتانەیدا، لەبارەی بومەلەرزەکەی شەوی رابردووەوە، سپاسی دەزگای ئافاتی تورکیا و مەکتەبی سەرۆککۆماری تورکیای کرد لەوەی لە کاتی تەنگانەدا بە هانای لێقەوماوانی باشووری کوردستانەوە هاتوون. گوتیشی، شەوی رابردوو، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆککۆمارەوە پێوەندی هەبووە لەوبارەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریی لێقەوماوان دەربڕیوە، هاوکاریسیان گەیاندووە.
هاوکات سپاسی فەرمانگە پێوەندیدارەکانی سنووری ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەیشی کرد لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیاندا.
دەربارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ـەشەوە کە بەغدا ئامادەی کردووە، گوتی، لە هەفتەی ڕابردووەوە تا ئێستا کارمان کردووە و تێبینیی خۆمانمان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی، بە داخەوە تا ئەم ساتە کێشە لە ناردنی دەرمانیش لە لایەن بەغداوە دروست بووە.
ئەو ئاماژە بە هەبوونی ملیۆنێک ٤٠٠هەزار ئاوارە لە باشووری کوردستان، گوتی، ئەم بابەتە کێشە بۆ بواری تەندروستی دروست دەبێ.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، لە ڕووی سەربازییەوە هیچ کێشەیەک لە نێوان ئێمە و بەغدادا نییە. بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی دایەلۆگ لەسەر بنەمای دەستوور بە باشترین بژار بۆ چارەی کیشەکانی نێوانمان دەزانین.
گوتیشی، تا ئێستا بەغدا وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانمان چارە بەین.
لەبارەی سەردانی لایەنە سیاسییەکانیشەوە ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکان هەندێکیان لێرەن لەبەر ئەوە سەردان دواخراوە، لەگەڵ (کاک قوباد) قسەمان کردووە، هەوڵ دەدەین سەردانەکان بکەین و دواتر پێکەوە کار دەکەین تا بزانین چۆن بتوانین پێکەوە کار بکەین.
دەربارەی باری تەندروستیی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە گوتی، بە بیستنی هەواڵی نەخۆشکەوتنی (کاک کۆسرەت) نیگەران و خەمبار بووین، ئەوەی ئێمە پێمانگەیشتووە باری تەندروستیی جێگیرە و بەرەو باشتر دەچێ و بەردەوامیش لەگەڵ (دەرباز کۆسرەت) و ستافی پزیشکییەکەی لە پێوەندیداین.
لەبارەی یاسای بودجەوە دووپاتی کردەوە، کە خراپترین پڕۆژەیاسا کە تا ئێستا ئامادە کرابێ ئەوەی ئێستایە، هەڵبەت لە ناوهێنانی قەوارەی هەرێمی کوردستان پیشێلی دەستووری تێدا کراوە، هەرچۆن بێ دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین. ئاخر ئەو زوڵمەی لەو پڕۆژەیاسایەدا خراوەتە ڕوو بۆ پێدانی مووچە و بەغدا کە بیەوێ مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بدا، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین، بەڵام بەغدا نایەوێ ئەمە بکا و بەگوێرەی بەکارهێنانی هەندێ دەستەواژە تێیدا هەوڵ دەدا قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵێ.
دەربارەی چوونی شاندی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، ڕایگەیاند، هێشتا وادەی چوون بۆ بەغدا دیار نەکراوە. بەڵام وەک هەرێمی کوردستان ئامادەی گفتوگۆی بنیاتنەرانەین لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەگەر ئەوان ئەو خواستەیان هەبێ.
لەبارەی هەوڵی سەردانی تورکیایشەوە (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، تورکا داروسێی ئێمەیە، ئێمە هەزمان کردووە و پێوەندیی باشمان لەگەڵ دراوسێکاندا هەبێ و هێشتا هیچ هەوڵێک نەبووە بۆ سەردانی ئێمە بۆ تورکیا تا شکست بێنێ.
دەربارەی دەروازەکانێشەوە ڕایگەیاند، تەنیا دەروازەیەک کە کراوەتەوە هی باشماخە، خۆی دەبێ لە وڵاتی ئێران بپرسرێت کە کەی دەکرێنەوە، بەڵام بە باوەڕی ئێمە کردنەوەیان لە بەرژەوەندیی ئێمە ئێرانێشدایە و هیوادارین لە ماوەیەکی کورتتدا دەروازە داخراوەکانی تریش بکرێنەوە.




