مامۆستایەكی زانكۆ: بەغدا پابەندی بەڵێنەكانی نابێت و ماف و بوودجەی هەرێم نادات
__2017_11_13_h11m53s20__RM.jpg)
ھەولێر-KDP.info- مامۆستایهكی ئابووری لە زانكۆی سەڵاحەددین دەڵێت، نیەتپاكیی عێراق لە بوودجەی (٢٠١٨)ـدا بەو ئاراستەیە نییە كە چەند لایەنی سیاسیی دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكەنەوە دهشڵێ، كوردستان بە ھەموو مەرجەكانی بەغدایش ڕازی بێت، عێراق بوودجەی ھەرێم وەك پێویست نادات.
پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی (٢٠١٨)ـی عێراق بە گشتی پێك ھاتووە لە ھەموو داھاتەكان و، داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستانیش كە گوایە لە ژێر ركێفی بەغدادا دەبێ، رێژەی بوودجەی گشتیی ساڵی (٢٠١٨ )ـی عێراق دەكاتە زیاتر لە (١٠٨) ترلیۆن دینار، لە كۆی ئەم بڕە بۆ پشكی ھەرێمی كوردستان (١٢.٦٧%) دیاری كراوە كە دەكاتە (٦ ترلیۆن و ٨٤٠ ملیار و ٩٣٦ ملیۆن) دینار و، ھەرێمی كوردستانی بۆ سەر (٣) پارێزگا دابەش كردووە و پارێزگای ھەڵەبجەیشی بە پارێزگا ھەژمار نەكردووە.
پێوەست بەم باسە، مامۆستای بەشی ئابووری لە زانكۆی سەڵاحەددین (ئیدریس ڕەمەزان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات، دەتوانین بڵێین لایەنە سیاسییەكە ئێستا زاڵ بووە بەسەر ئەوەی كە بوودجەی عێراق بە شێوازێكی ڕامیاری یان سیاسی بسەپێنرێت بەسەر ناوچەكان و بە تایبەت ھەرێمی كوردستان، بەڵگەیش لەسەر ئەوە، كەمكردنەوەی بەشەبوودجەی ھەرێمی كوردستانە لە كاتێكدا كە ھیچ بەند و بڕگەیەكی دەستووری و یاسایی نییە بۆ ئەوەی بەشی ھەرێمی كوردستان لە (%١٧)ـەوە بكرێتە (%١٢،٦٧) یاخود بڕێكی تر، بۆیە ئەمە جۆرە سزادانێكی ھەرێمی كوردستانە كە لە بنەماكانی ئابووری و بنەماكانی دەستووریشەوە دوورە، بەمەیش ڕوون دەبێتەوە كە عێراق دەیەوێـت تەنھا بە سەپاندنی ئەم جۆرە ڕێژەیە چوارچێوەی ھەرێمی كوردستان، یاخود ناوی ھەرێمی كوردستان لە ڕووە دەستوورییەكەی لابەرێت و تەنھا وەك 3 پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكات كە زەرەرمەندی سەرەكییش ھەرێمی كوردستانە."
ڕۆژی (٦-١١-٢٠١٧) ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەبارەی رەشنووسی یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ رایگەیاند، "رەشنووسی یاساكە چەندین ماددە و بڕگەی نادەستووری لە خۆی دەگرێت و بە ڕوونی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە مەبەست لێی فەرامۆشكردنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستانە كە لە دەستووری عێراقدا وەك ھەرێمێكی فیدراڵ ددانی پێدا نراوە، نەك پارێزگاكانی باكووری عێراق وەك لە رەشنووسەكەدا ھاتووە".
وەك (ڕەمەزان)ـیش دەڵێت، "نیەتپاكیی عێراق لە بوودجەی (٢٠١٨)ـدا بەو ئاڕاستەیە نییە كە زۆر جار چەندین لایەنی سیاسیی كوردستانی، ئەوانەی لە پەرلەمانی عێراقن، دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكەنەوە كە ئەگەر ھەرێمی كوردستان داھات بداتە بەغدا، ئەو كاتە بەغدا پاپەند دەبێـت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ئەگەر نیازپاكیی بەغدا لەو ئاستەدا بووایە، ڕێژەی (%١٧)ـی بۆ هەرێم تەرخان دەكرد، بۆیە ھەموو ئاماژەكان ئەوە دەڵێن كە بەغدا لە ھیچ كات و ساتێكدا پابەندی بەڵێنەكانی نابێت و ناتوانێـت ڕێژەیەكی ڕاستەقینە بۆ حكوومەتی ھەرێم بنێرێت، ئەگەر ھەرێم بە ھەموو مەرجەكانیش ڕازی بێت."
فایزەكۆیی




