٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە شەوی ڕابردووەوە نزیكەی 50 بوومەلەرزە تۆمار كراون"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە شەوی ڕابردووەوە تاوەكو ئێستا، نزیكەی 50 بوومەلەرزە تۆمار كراون و بەهێزترینیان شەوی ڕابردوو بوو كە پلەكەی 7,3 پلە بووە و، نزمترینیشیان 3 بۆ 4,5 پلە بووە.

 (فازڵ ئیبراهیم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، " شەوی ڕابردوو شەپۆلێكی بوومەلەرزە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بوومەلەرزەی یەكەم سەعات 8 و 35 خولەك بوو بە كاتی هەرێم و پلەكەی 4,5 پلە بوو بە پێوەری رێختەر كە تەنیا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هاووڵاتیان هەستیان پێ كرد، بەڵام هیچ زیانێكی بە دوای خۆیدا نەهێنا كە سەرەتای شەپۆلی بوومەلەرزەكان بوو،بەڵام دوابەدوای ئەمە سەعات 9 و 18 خولەك بە كاتی هەرێم بوومەلەرزە سەرەكییەكە تۆمار كرا كە 7,3 پلە بوو بە پێوەری رێختەر كە كەوتووەتە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستان".

(ئیبراهیم) دەشڵێ،‌ ئەو ناوچە سەرسنووریانەی بوومەلەرزەكە تێیاندا ڕووی دا، بە هۆی ئەوەی بوومەلەرزەكە بە یەكێك لە بوومەلەرزە گەورەكان دادەنرێت لە مێژووی تۆماری بوومەلەرزە لە هەرێمی كوردستان كە پێشتر تۆمار نەكرابوو، زەرەر و زیانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و سەرجەم هاووڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تەنانەت وڵاتانی دەوروبەر و شارەكانی تری عێراقیش بە ئاشكرا هەستیان پێ كرد و دڵەڕاوكێیان لا دروست بوو.

بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان ئاماژەیشی دا، "دوابەدوای ئەم بوومەلەرزەیە تاوەكو ئێستا كە قسە دەكەین، كۆمەڵێك بوومەلەرزەی پاشكۆ تۆمار كراون و دەتوانین بڵێین لە سەرووی  پەنجا بوومەلەرزە هەبووە لە شەوی ڕابردووەوە تاوەكو ئێستا، ئەمەیش‌ كارێكی ئاساییە، چونكە هەر كاتێك بوومەلەرزەیەكی سەرەكی كە ڕوو دەدات، پێویستی بە ماوەیەك دەبێت زەوی تاوەكو سەقامگیری و ئارامیی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو بوومەلەرزانەی كە بە دوای بوومەلەرزە سەرەكییەكەوە دێن، پلەكانیان كەمترە، واتا 3 بۆ 4 و نیو یان 4,5 پلە بە پێوەری رێكختەرن".

لەبارەی مەترسیی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەیشەوە گوتی، "لە رووی زانستییەوە بوومەلەرزە پێشبینی ناكرێت كە كەی ڕوو دەدات، ئەو هەواڵانەی كە دەڵێن لە چەند سەعاتێكی تردا دووبارە دەبێتەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و، وەك گوتیشمان هەر كاتێك بوومەلەرزەیەكی سەرەكی ڕوو دەدات دوابەدوای خۆی بوومەلەرزەی پاشكۆی دەبێت بەڵام پلەكانیان كەمن".

هەر لەبارەی زەرەر و زیانە گیانییەكانی بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. خاڵس قادر)، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "تاوەكو ئێستا 133 برینداری سووك و جۆراجۆر و نزیكەی 300 حاڵەتی شڵەژانی دەروونیی جۆراوجۆر و 6 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراون."

شەوی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەرێمی كوردستانی هەژاند و لە سەرجەم شارەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەستی پێ كراوە، لەبەر بەهێزی پلەكەشی كە 7 پۆینت 3 پلە بوو بە پێوەری رێختەر، زیانی گیانی و ماددییشی هەبووە.

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار