فەرهاد کەرکووکی: خەڵک لە حەشد بێدەنگ نابن و ستەمیان لێ قبووڵ ناکەن
__2017_11_12_h19m8s18__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- (د. فەرهاد کەرکووکی)، بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی لە چەمچەماڵ دەڵێت، خەڵکی کەرکووک دڵیان لە حەشدی شەعبی پڕە و لێیان بێدەنگ نابن و ستەمیان لێ قبووڵ ناکەن.
(د. فەرھاد کەرکووکی)، بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی لە چەمچەماڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەو سنوورەی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خەڵکێکی شۆڕشگێڕ ماوە و ئاوارە نەبووە، جار جاریش ئەو خەڵکە چاونەترس و قارەمانە دەستی خۆی لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان دەوەشێنێت، ئەو چالاکیانەی لە لایەن خەڵکی خۆبەخش و مەدەنییەوە دەکرێت نیشانەی قارەمانێتی ئەو ھاووڵاتییە خۆڕاگرانە پێشان دەدات، ھەروەھا نیشانەی ئەوەیە کە زۆڵمێکی زۆر لە لایەن دەست و داری حەشدی شەعبیەوە لە کورد دەکرێت، بۆیەش کوردانی خۆڕاگر دەست لە میلیشیاکان ناپارێزن.''
ڕۆژانی ڕابردوو جارێک لە ناحیەی قەرەھەنجیر و چەند جارێکیش لە قەزای داقووق و سەنتەری شاری کەرکووک چەکدارانی خۆبەخش ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و زیانی گەورەی ماددی و گیانییان بەو ھێزانە گەیاندووە. لەم بارەیەوە بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەموو ئەو چالاکیانەی دژی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و دوبز و داقووق و قەرەھەنجیر ئەنجام دەدرێن، دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھەڵمەتێکی ڕەشبگیرییان دژی کورد لەو ناوچانە دەست پێ کردووە و ڕۆژانە ھاووڵاتییانی کورد دەکرێنە ئامانج و ماڵی کورد دەپشکنن، خۆ ڕەفتارەکانیان ھیچ لە ڕەفتارەکانی چەکدارانی تیرۆریستی داعش کەمتر نییە بەرامبەر بە کورد، لەبەر ئەوە خەڵک لەو چەکدارانەی حەشد پڕە و تا پێیان بکرێت دژیان دەوەستنەوە.''
لەبارەی داھاتووی ئەو ناوچانە و بەرخۆدانی ھاووڵاتییانی کورد، دکتۆر (فەرھاد کەرکووکی) دەڵێت: ''ئێمە لە سنووری لقی چەمچەمال بارەگای ئورگانەکانمان لەو سنوورە کێشاوەتەوە، کە حەشدی شەعبیی تێدایە، چونکە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا کورد ھیچ ڕۆل و دەسەڵاتێکی نییە و سەنتەری ناحیەی قەرەھەنجیریش چۆڵ کراوە، پێشبینی دەکرێت لەبەرامبەر ئەو زولم و تەحەدایەدا بەرەنگاریی کورد زیاد بکات و خراپ بەسەر حەشد بێنن لەو ناوچانەی کوردستانین.''
قائید میرۆ




