کەرەم: بە ھیچ جۆرێک ڕازی نابین بەشە بوودجەی ھەرێم کەم بکرێتەوە
__2017_11_12_h17m52s56__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ھێشتا پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق نەھاتووە بۆ پەرلەمان، بەڵام گەر بگاتە پەرلەمان وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەیەک ساز دەکەین و ھەڵوێستی خۆمان دیاری دەکەین، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابین، بەشە بوودجەی ھەرێم کەم بکرێتەوە.
حکوومەتی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتووی ئامادە کردووە و تێیدا بەشە بوودجەی ھەرێمی بۆ ١٢.٦٧ کەم کردووەتەوە و جگە لەوەش، باسی لەوە کردووە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێم دەکات، نەک ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بەبێ ئەوەی ڕای کورد وەربگرێت، لەکاتێکدا پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراق، چونکە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە بەشە بوودجەی ھەرێم ١٧%ـە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق (عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئێمە کرد بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان و منیش پێم گوت پێویستە دۆخەکە ئارام بێتەوە، بۆیە ئەو پەیامەم گەیاندە سەرکردایەتیی خۆمان و پێمان ڕاگەیاندن کە بڕیارێک بدەن.''
لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق، (عەرەفات کەرەم) گوتی: ''گرنگە ئێمە لە کاتی گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو ئامادە بین، بەڵام پێش گفتوگۆکردن فراکسیۆنە کوردییەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژەیاسایە بکەین.''
سەبارەت بەوەی تا چەند بەوە ڕازی دەبن بەشە بوودجەی ھەرێم کەم بکرێتەوە (کەرەم) جەختی کردەوە: ''ھەرگیز بەوە ڕازی نابین بەشە بوودجەی ھەرێم کەم بکرێتەوە، چونکە ئەوەی ئەوان باسی دەکەن بەشی ھیچ ناکات و جگە لەوەش، پێچەوانەی دەستووری عێراقە، بۆیە جارێ ماوە ئەو پڕۆژەیاسایە بێتە پەرلەمان.''
بڵند ئیبراھیم




