برۆ: دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان خراپە

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، دەڵێت، ڕەوشی ڕۆژئاوا زۆر خراپە و ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێت، ئێستا ڕژێمی سووریا و عەشیرەتە عەرەبەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان.
چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن لە دۆخی خراپی رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت لە ئێستادا کە داعش دوارۆژەکانی خۆی لە سووریادا دەباتە سەر و پێدەچێ کە دۆخێکی نوێ لە سووریادا بێتە بوون، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا پەیەدە رێگەی نەداوە گەڕانەوەی ئەنەکەسەیە بۆ بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان و هەروەها بەهێزکردنی پێگە و نفووزی کورد لە رۆژئاوادا.
لە ئێستادا تورکیا لە ئۆپراسیۆنی بەردەوامدایە لەناوچەکەدا و هەروەها پێگەی ئێران لە سووریادا بەهێزە، بەڵام ئەوەی کە جێگەی نیگەرانی چاودێرانی سیاسییە کە لەدوای کۆتایی هاتنی داعش ئەگەر پەیەدە لەسەر ئەو نەهجەی بەردەوامبێ ئەوا دۆخێکی خراپ چاوەڕێی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
(ئیبراهیم برۆ)، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ڕەوشی ڕۆژئاوا زۆر خراپە و ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێت، لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان ئەندام و كادیر و سەركردەكانی ئێمە لە زیندانەكانی پەیەدەدان و ژیانیان زۆر خراپە.''
(برۆ) ئەوەیشی گوت: ''پەیەدە ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان بە زەبری هێز باڵادەستە و ڕێگە بە لایەنە كوردستانییەكانی دیكە نادەن كاری سیاسی و مەدەنیی خۆیان بكەن، هەروەها مەترسی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، بەتایبەتی پاش ئەوەی كە شەڕی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، ئێستا ڕژێمی سووریا و عەشیرەتە عەرەبەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، بۆیە ئەو كارەی پەیەدە دەیكات، كارێكی زۆر مەترسیدارە و ڕۆژئاوای كوردستان لەناو دەچێت.''
ڕابین شێروانی
Attachments area




