٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆڕێکی ئابووری: بە قاچاخبردنی نەوتی کەرکووک بۆ سوودی چەند کەسێکە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  پسپۆڕێکی ئابووری، باس لەوە دەکات دەبێ هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ ئیدارەی سەربازیی کەرکووک تا لایەنێک و کەسانی نێو لایەنێک بتوانن نەوتی قاچاخ لەو شارەوە ببەنە دەرەوە.

سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕۆژانە ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی قاچاخ لە شاری کەرکووکەوە دەبرێتە ئێران و بازرگانیی پێوە دەکرێت، هاوکات حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند، ئەوان کار لەسەر بۆڕیی نەوتی کەرکووک دەکەن و ڕێککەوتن کراوە ڕۆژانە ٢٠ هەزار بەرمیل نەوت ببرێتە ئێران، (د. کاوان ئیسماعیل)، مامۆستای زانکۆ و شارەزای گرێبەستی نەوت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بارودۆخی ئابووری لە هەموو ناوچەکە بەندە بە ئاسایش و ئەمنیەتەوە، کاتێک کە هەرێمی کوردستان ئەو نەوتەی ڕەوانە دەکرد، مانگانە (١٠) ملیۆن دۆلاری ڕەوانەی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک دەکرد، جۆرێک لە ئارامی هەبوو، بەڵام ئێستا تێناگەین، دۆخەکە لە ژێر سەرپەرشتیی کێیە؟ تا ئێستا ئەو شارە پارێزگاری نییە، ئەنجومەنی پارێزگای نییە، بۆیە هەموو ئەگەرێک لەوێ چاوەڕوانکراوە و بە قاچاخبردنی نەوت و بە تەنکەر ئاودیوکردنی، لەبەر ئەوەیە کە دۆخی شارەکە ناجێگیرە.''

لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتی کەرکووک و بێدەنگیی لایەنەکان لەسەر ناردنی ئەو نەوتە، (د. کاوان ئیسماعیل) گوتی: ''پێشبینی ناکەم هیچ لایەنێک بەبێ پرسی ئەو دەسەڵاتە عەسکەرییەی ئیدارەی شاری کەرکووک، بتوانێت ئەو کارە بکات، دەبێ تەنسیق هەبێت لە نێوان چەند بەرپرسێکی ئەو لایەنە و حکوومەتی عێراق لە کەرکووک، ئەگەرنا بە هیچ شێوەیەک نەوت ناچێتە دەرەوە، ڕەنگە چەند کەسێک سوود لە ناردنی نەوت وەربگرن و بەبێ ئیدارەی ئەوێ ناتوانرێت تەنکەرێک نەوت بچێتە دەرەوە.''

کارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار