قایمقامی ماوەت: فڕۆكە ماوەتی بۆردوومان كردەوە.. نەناسراون
__2017_09_24_h14m47s26__HK.jpg)
ماوەت-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی ماوەت ڕایگەیاند، جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكان سنووری شارۆچكەی ماوەتیان بە چڕی بۆردوومان كردەوە، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی و ماددی نەبووە.
(كامەران حەسەن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "سەعات ٩:٣٠ خولەكی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆكە جەنگییەكان كە لای ئێمە نەناسراون، بۆردوومانی چیای ئاسۆسیان لە نزیك گوندی گەڵالەی سەر بە شارۆچكەی ماوەت كردووە، كە ئەمە دووەم جارە فڕۆكەكان بۆردوومانی سنووری ئێمە دەكەن".
(حەسەن) گوتیشی، بۆردوومانی فڕۆكەكان زیانی گیانی و ماددیی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوكێی دروست كردووە، چونكە بۆردوومانی ئەم جارە لەوەی پێشووتر زۆر چڕتر بووە، بەڵام ئێستا كۆتایی پێ ھاتووە و دۆخەكە ئارام بووەتەوە.
بەپێی گوتەی قایمقامی شارۆچكەی ماوەت، رۆژی ٣/١١/٢٠١٧ بۆ یەكەم جار فڕۆكە جەنگییەكان ئەو ناوچەیەیان بۆردوومان كرد، لەبەر ئەوەی پەكەكە و پژاكی لێیە.
بڵند ئیبراھیم




