شارەزایان: عێراق نیەتی لە ناردنی مووچە خراپە.. ئامانجی لاوازكردنی حكوومەتی هەرێمە

هەولێر-KDP.info- شارەزایانی بواری سیاسی و ئابووری باوەڕیان وایە، نیەتی عێراق لەوەی كە دەڵێ بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە دەكەم، دیارە كە تاكتیكە و ئامانجیانە بەو شێوەیە هەوڵی لاوازكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەن.
بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی رایانگەیاندووە، لە لای بەغدا 682 هەزار و 22 فەرمانبەری هەرێمی كوردستان ددانپێداندراون و، بە بیانووی جیاوازیش نایانەوێت مووچە بدەن، بەپێی دواداتاكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش، ئەوە ئاشكرا بووە كە كۆی مووچەخۆرانی هەرێم ژمارەیان ملیۆنێك و 249هەزار و 481 مووچەخۆرە. ئەو داتایەی مووچەخۆران لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە. ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیشی كردووەتەوە، مانگانە بۆ دابینكردنی مووچە پێویستیان بە 897 ملیار و 500 ملیۆن دینار هەیە. (د. مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد، لەم بارەیەوە باوەڕی وایە، "حكوومەتی عێراق دەیەوێت پێگەی هەرێم لە رووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە لاواز بكات و ئاشكرایشە لەم بارودۆخە دەرفەتیان وەرگرتووە بە پشتگیری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمەریكا و ئێران و توركیا، هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەك حكوومەتی هەرێم لاواز بكەن و رۆڵی كەمتر بكەنەوە".
(د. مەحموود) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر گوتی، "قەیناكە دەڵێن بوودجە و مووچە ڕەوانە دەكەن، بەڵام چەندی بۆ فەرمانبەران یاخود پێشمەرگە دانراوە و، دەبێت بزانین ژمارەكان گرینگن، ئەوەی ئەو دەیەوێت ڕەوانەی بكات نیوەی ئەوەیە كە هەرێم پێویستی پێیەتی، ئەمەیش كێشەكەیە، حكوومەتی هەرێمیش بە تەواوی لە ڕاگەیێنراوەكەیدا وەڵامی (عەبادی) داوەتەوە، هەروەها مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆیش لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمدا، پێچەوانەی دەستووری عێراقە، لەبەر ئەوەی هەرێم هەیە و ناتوانن ئەوە بكەن".
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت، "دەبێت حیزبە سیاسییەكانی كوردستان لە ئێستادا یەكگرتوو بن و هەموویان بەیەكەوە بەرنامەیان هەبێت تا بەغدا نەتوانێت لاوازیان بكات، بەڵام ئەگەر یەكگرتوو نەبن، بەغدا دەتوانێ زیاتر رۆڵی هەبێت بۆ ئەوەی هەرێم لاواز بكات".
پێشتر بە ھۆی ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و ھەرێمی كوردستانەوە، بوودجەی ھەرێمی كوردستان ١٧% بووە، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ لە ١٢,٦٧% كەم كراوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی تا ئێستا سەرژمێری بۆ ھەرێمی كوردستان نەكراوە.
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە، (د. ئەحمەد سەفار) ئابووریناس و ڕاگری كۆلێژی كارگێڕی وئابووری لە زانكۆی زاخۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەوەی عێراق بەپێی پڕۆژەیاساكە دەیكات، كێشەیەكی سیاسییە و نیازی خراپە و نایەوێت مووچە بە مووچەخۆانی هەرێمی كوردستان بدات كە داتاكان دیارن بەپێی سیستەمی بایۆمەتری، چونكە بە گوێرەی دەستوور مافی كوردستان دیاری كراوە و 17 لەسەدە و رێككەوتنی لەسەر كراوە و ناكرێت ئەوانە بە ئارەزووی خۆیان كەمی بكەنەوە بۆ 12 لەسەد، چونكە سەرژمێری لە عێراق نەكراوە و ئەگەر بكرێت كورد زیاترە لە 17 لەسەدیش، ئەمەیش یەكێكە لە سزاكانی تری حكوومەتی عێراق بەرانبەر بە هەرێم و دانیشتوووانەكەی، وەكو كێشەكانی تر كە بۆ هەرێم دروستی كردوون".
(سەفار) گوتیشی، "حكوومەتی عێراق ئەو پشكەی بۆ هەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی 2018 دایناوە، تەنیا بۆ شەڕێكی دەروونییە بەرانبەر بە گەلی كوردستان و هەروەها بۆ لاوازكردنی حكوومەتی هەرێمە، تا خەڵكی لێ زویر بكات و بڵێن حكوومەتی ئێمە كەمتەرخەمە، جگە لەوەیش پیلانێكی ترە لە بەرانبەر هەرێم، ئەگەرنا خۆ دیارە ناتوانێت هەمووی بدات بە هەرێم، چونكە حكوومەتی عێراق ئێستا خۆی لە یەدەگی خۆی دەخوات و ساڵانە یەدەگی كەم دەكات و قەرزێكی زۆریشی كەوتووەتە سەر كە ساڵانە بۆ پڕكردنەوەی بوودجە وەری گرتووە، لەگەڵ ئەوەیشدا خانەنشینێكی زۆری سەرۆكایەتی و پەرلەمان و وەزیران و سوپای هەیە و هەر خولێك زیاتر دەبن و مووچەی خەیاڵی وەردەگرن، بۆیە ئەگەر بەو سیستمە بڕوات، عێراقیش ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات و، لە 5 ساڵی داهاتوودا 50 لەسەدی بوودجەی عێراق بۆ ئەمانە دەڕوات".
وەك ئەو شارەزایەی بواری ئابووری ئاماژەی دا، "یەكێكی تر لە پیلانەكانی نێو بوودجەكەی عێراق ئەوەیە، مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكات، كە ئەمەیش دەرچوونە لەو دەستووری كە ئەوان داوای جێبەجێكردنی دەكەن، چونكە هەر بوودجەیەكی گشتی هەبێت پەیوەندی تەنیا بە حكوومەتی هەرێمەوە هەیە، بەم شێوەیە دیارە بۆ گوشار و سزایانە بەرامبەر گەلی كورد وەكو بەكارهێنانی هێز كە عێراق كردی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان، دەبێت گەلی كوردیش بزانێت ئەوەی هێز بەكار بێنێت و میللەتی خۆی بكوژێت، ناچێتە عەقڵەوە بارودۆخی ئابووری بۆی باش بكات و بوودجە و مووچەی پێ بدات، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات، هەڵخەڵەتاندنە".
نەشوان بەرزنجی




