٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایەکی زانکۆ: عەبادی لە دەرچەیەک دەگەڕێت لەگەڵ هەرێم دانوستان بکات

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت حەشدی شەعبی تووشی شەڕ بکات بۆ ئەوەی شکست بە حەشدی شەعبی بێنێت و خۆی ڕزگار بکات لەژێر فشاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دەشڵێت، (حەیدەر عەبادی) پێویستی بە ھەرێمی کوردستانە و خۆیشی دەزانێت بەبێ کورد عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت.

ئەمڕۆ جارێکی دیکە (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەییی خۆی نیشان دا بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا ھەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و میدیاکانەوە پەیام بۆ یەکتر دەنێرن و ھیچ ھەنگاوێک بۆ دیاریکردنی دانوستان نەنراوە. لەمبارەیەوە، (د. شێرزاد زەکەریا)، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا ھەرێم و بەغدا تەنیا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە وەڵامی یەکتری دەدەنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پێویستە دەست بە دانوستانی کرداری بکرێت، چونکە (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر پێویستی بە ھەرێمی کوردستانە، ئێمەش وەک ھەرێم ئێستا پێویستیمان بەوەیە دەست بە دانوستان بکەین، بەڵام (حەیدەر عەبادی) زیاتر پێویستی بە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەبەر ئەوەی عێراق بەرەو پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەچێت و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەوشی باش نییە، خۆیشی باش دەزانێت بەبێ کورد عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، ئێستا (حەیدەر عەبادی) لەوە دەگەڕێت حەشدی شەعبی تووشی شەڕێک بکات لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، تا لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە حەشدی شەعبی تووشی شکستی گەورە بێت و (عەبادی) خۆی لەژێر فشاری حەشد ڕزگار بکات، ئینجا دەست بە دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات.''

میلیشیکانی حەشدی شەعبی لە ٦٧ گرووپی جیاواز پێکھاتوون و  بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانیان زیاتر فەرمان لە فەرماندەکانیان و مەرجەعی شیعی وەردەگرن، نەک دەزگە پەیوەندارە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق، (د. شێرزاد زەکەریا) گوتی: ''ئەوانەی باس لەوە دەکەن سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە، بەھەڵەدا چوونە، چونکە ھەموو ھەوڵێکی (عەبادی) ئەوەیە خۆی لەژێر ئەو فشارەی حەشد ڕزگاری بکات، (عەبادی) پێویستی بە سەرکەوتنی ھێز ھەیە و لەبەرامبەردا ئەمریکاش ئیحراج بووە، لەبەر ئەوە (حەیدەر عەبادی) لە دەرچەیەک دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەست بە دانوستان بکات و بگەنە ڕێککەوتن.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار