٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایانی ئابووری: نییەتی بەغدا لە پێدانی بوودجە و مووچەی ھەولێر خراپە

سەرچاوە: KDP.info


بەغدا-KDP.info- شارەزایانی ئابووری دەڵێن، نییەتی بەغدا لە پێدانی بوودجە و مووچەی ھەرێم خراپە. بەغدا دەیەوێت شەش ترلیۆن دینار بداتە ھەولێر، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە پێشتر پشکی ھەرێمی کوردستان ١٤ ترلیۆن دینار بووە.

حکوومەتی عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕای کورد بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی لە ١٧% بۆ ١٢.٦٧% کەم کردووەتەوە، لەکاتێکدا بە پێی دەستوور بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان ١٧%ـە. ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکوومەتی عێراق ئەوکارەی کردووە بۆ ئەوەی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان نەدات، ھەر بۆیەش بەشە بوودجەی کەم کردووەتەوە، چونکە ئەوەی ئەوان دیارییان کردووە بۆ کورد بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ناکات.

چاودێرانی ئابووری دەڵێن، مەبەستی حکوومەتی عێراق لە کەمکردنەوەی پشکی بوودجەی ھەرێم بۆ ١٢% بۆ ئەوەیە کە سەرچاوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان لاواز بکات و لەڕاستیشدا بەغدا نایەوێت بوودجەی ھەریم بدات، ھەروەک (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە پێی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان ساڵانە دیاری دەکرێت بۆ ھەر مانگێک ترلیۆنێک و٢٠٠ ملیار دینارە، کە دەکاتە ١٧%ی بوودجەی گشتیی ساڵانەی عێراق، بەڵام ئێستا بەغدا ئەوبەشە بوودجەیەی کەم کردووەتەوە بۆ ١٢%..''

لەبارەی ئەوەی بەغدا تا چەند نیازی ئەوەی ھەیە بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ''بەغدا بۆیە بیانوو دەگرێت و بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی بۆ ١٢% کەم کردووەتەوە، بۆ ئەوەی نەیدات، چونکە نیازیان نییە جارێکی دیکە بەشە بوودجەی ھەرێمی  کوردستان ڕەوانە بکەن و بڕواش ناکەم ڕەوانەی بکەن،  لەبەر ئەوەی ئەوان بە ھەموو شێوەیەک دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن.''

لەو پڕۆژەیاسایەی کە بەغدا بەنیازە لە پەرلەماندا پەسەندی بکات، دەیەوێ شەش ترلیۆن دینار بداتە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای دەرکردنی نەفەقەی سیادی و ھەروەھا لقەکانی دیکەی بوودجە لێی، بەم بڕە ھەرێمی کوردستان ناتوانێت نیوەی مووچەی فەرمانبەرانی بدات. ھەورەک بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق، (د. فازڵ نەبی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو پڕۆژەیاسایەی حکومەتی عێراق دایناوە زۆر خراپە و بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نییە، چونکە پێشتر بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە ١٤ ترلیۆن دینار بوو، ئێستا بۆ زیاتر لە شەش ترلیۆن کەمیان کردووەتەوە، کە بەو پارەیە مووچەی فەرمانبەرانیش دابین ناکرێت، جگە لە خەرجییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.''

باسی لەوەش کرد: ''پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ھاوپەیمانانەوە، بەتایبەت ئەمەریکا، فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن و بە دیالۆگ ئەوکێشانە چارەسەر بکەن، چونکە ناکرێت بەو شێوەیە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند کرا، دواتر حکوومەتی عێراق ناتوانێت ھیچ ھەنگاوێک بنێت، جگە لەوەی بە پێی ئەو پڕۆژەیاسایە مامەڵە بکات، ئەوەش بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژوەندیی ھەرێمدا نییە.''

(سلێڤانەیی) لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغداوە دەڵێت: ''بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو لیژنەی دارایی سەردانی کەنەدا بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکدا، ھەموو ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەو سەردانە ئەنجام دەدەن، بۆیە حکوومەت ناتوانێت تا گەڕانەوەیان پڕۆژەیاساکە ڕەوانە پەرلەمان بکات، ڕەنگە پڕۆژەیاساکە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا ڕەوانە بکرێت، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی بوودجە لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن.''

پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ برەکەی ١٠٨ ترلیۆن دینار خەرجییە و داھاتیش ٨٦ ترلیۆن دینارە و کورتھێنان ٢٣ ترلیۆن دینارە، لەو بارەیەوە (نەبی) گوتی: ''ئەگەر بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان بدرێت سەرەڕای ئەو مەرجانەی بۆی دیاری کراوە، دەکاتە شەش ترلیۆن و٨٠٠ ملیار دینار، کە ئەمەش بەشی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران ناکات، بۆیە لەو بوودجەیە زیانی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەکەوێت.''


بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار