250ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک له ڕۆژێكدا رهوانهی ئێران دەکرێت

کەرکووک-KDP.info- سەرکردەیەکی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، رۆژانە و له ڕێی تانکەرهوه، زیاتر لە250ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی ئێران دەکرێت و، وهك زانراوه بە نرخێکی زۆر کەمیش دەفرۆشرێت. سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان پشتڕاستی دهكاتهوه.
(عەدنان کەرکووکی) گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک- گەرمیان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لەئێستادا نەوتی کەرکووک بە تانکەر ھەناردەی ئێران دەکرێت، كه رۆژانە نزیکەی250ھەزار بەرمیل دەبێت، ئەمەش تەواوکەری ئەو رێککەوتنەیە کە عێراق و ئێران کردوویانە لەبارەی نەوتی کەرکووکهوه، چونکە پێشتر ئەو رێککەوتنەیان کردبوو.''
ئهو بهرپرسهی پارتی گوتیشی، لە کەیوان 16 'شەمعە' ھەن ھەر یەکە لەوانە لە ماوەی 20خولەکدا تانکەرێکی 36ھەزار بەرمیلی پڕ دەکات و، لە ماوەی 24سهعاتدا دەکاتە 264ھەزار بەرمیل نەوت، ئەم تانکەرانە بە بەردەوامی و نرخێکی زۆر کەم رەوانەی ئێران دەکرێن. ''کاتی خۆی رێککەوتنێک کرا کە بۆریی نەوتی لە کەرکووکهوه بۆ ئێران بكێشرێت تا نەوتی پێدا ھەناردە بکرێت، بهڵام چونكه ئهم كارهیان بۆ تهواو نهبووه، ئێستا لەجیاتی بۆری بە تانکەر ھەناردە دەکرێت.''
ھەر لەمبارەیەوە (شێرکۆ جەودەت) سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئێران رێککەوتووە کە نەوتی کەرکووک بە تانکەر ھەناردەی ئێران بکات، کە وەکو سەرەتا رۆژانە 30بۆ60ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکرێت و، بەشێک لەوە بە سلێمانیدا دەڕواتە ئێران و ھیچ داھاتێکیشی بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، چونکە ئێستا حکومەتی عێراق سەرپەرشتیی ئەو کێڵگە نەوتیانە دەکات.''
بهگوتهی (شێرکۆ جەودەت)، حکوومەتی عێراق كه نهیتوانی لەگەڵ تورکیا رێکبەکەوێت بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نهوتی ھەرێمی کوردستانهوه، ئێستا بۆ ئێران ھەناردە دەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان زانیاریی دا، ''لە ساڵی 2013وە حکوومەتی عێراق و ئێران باسیان لەوە دەکرد کە بۆریی نەوتی رادەکێشن بۆ ئێران و، پێیدا نەوتی کەرکووک بۆ ئێران دهگوێزنهوه، بەڵام دواتر باسیان لەوەکرد دیراسەی ئەو پرسە دەکەن و ئێستایش رێککەوتنیان کردووە بە تانکەر ھەناردەی بکەن.''
پێشتر ئەو کێڵگە نەوتیانەی کەرکووک لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابوون، لە رێگەی داھاتهكهیهوه بەشێکی زۆری مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین دەکرا و ھاوکات مانگانەش 10ملیۆن دۆلار وەکو پارەی پترۆدۆلار دەدرا پارێزگای کەرکووک بۆ خزمەتکردنی شارەکە، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق دەستی بەسەردا گرتووە و نەوتەکە ھەناردەی ئێران دەکات و داھاتەکەشی بۆخۆی دەبات.
بڵند ئیبراھیم




