٢٢٦٠ قوتابیی دیکە ناویان گەڕایەوە
__2017_11_09_h20m5s45__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڵاوی کردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجامى سکاڵاى (زانکۆلاین) ڕادەگەیەنێت، کە بە هۆیەوە ٢٢٦٠ قوتابیی دیکە بە پێى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەر گیران.
(عەباس ئەکرەم)، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دواى ئەوەى دەرگاى پێشکەشکردنى سکاڵا بۆ ئەو دەرچوانەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى کرایەوە، کە لە ڕێگەى زانکۆلاینەوە داواکارییان پێشکەش کردبوو، دواى هەڵسەنگاندنى سکاڵاکانیان دەرکەوت ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەگەڕابووەوە، بۆیە دواى پێداچوونەوەى سەرجەم سکاڵاکان، لە ئاکامدا ٢٢٦٠ خوێندکارى دیکە بە پێى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتنى ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئەو خوێندكارانە دەتوانن لە ئەمڕۆ، پێنجشەممە، ڕێكەوتی (٩/١١/٢٠١٧)ەوە لە سەعات (7)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنیی (www.regayzanko.com) بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەیەرنەیم و پاسوۆرد)، كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ پڕ كردبووەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە، كە لە ئەنجامى سکاڵاى (زانکۆلاین) لێی وەرگیراون، هەروەک داواى لە خوێندکاران کرد، لە زووترین کاتدا پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیانی لێ هاتووەتەوە، بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان و دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن.
کـــاروان بــاعەدری




