٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا دەستی بە بەعەرەبكردنی دامودەزگاكان كردووە.. ھەزاران فەرمانبەر بۆ كەركووك دەگوازێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، لە ئێستادا بەغدا بڕیاری گواستنەوەی راژەی ھەزاران فەرمانبەری لە خواروو و ناوەڕاست و بەغدای بۆ شاری كەركووك داوە، بۆ ئەوەی رێژەی فەرمانبەرانی عەرەب لە دامودەزگاكان زیاتر بێت و، ئەفسەرێكی رژێمی بەعسیشی كردووەتە حاكمی سەربازیی كەركووك.

 (عەدنان كەركووكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دۆخی كەركووك رۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و بەغدایش بەردەوامە لە پرۆسەی بەعەرەبكردن و بەشیعەكردنی ناوچەكە، لەو چوارچێوەیەیشدا ئێستا بڕیاری داوە بە ھەزاران فەرمانبەر راژەكەیان لە ناوەڕاست و خواروو و بەغداوە  بگوازێتەوە بۆ كەركووك و لە فەرمانگە حكوومییەكان دادەنرێن و دەوامی خۆیان دەكەن، ئەمەیش بۆ ئەوەی رێژەی كورد كەم ببێتەوە و رێژەی عەرەب زیاد بكرێت، چونكە ماوەیەك پێش ئێستایش بڕیارێكیان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی عەرەب بۆ كەركووك دەركرد".

(كەركووكی) گوتیشی، ھەوڵ دەدرێت كورد لە بڕیاردان دوور بخرێتەوە، لەبەر ئەوەی كۆبوونەوەیەك بە بێ بەشداریپێكردنی كورد ئەنجام دراوە، بۆیە ئەمەیش وادەكات كورد لە بڕیارداندا بەشدار نەبێت و ھەموو بڕیارەكان لە دەستی خۆیان بێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەیش كرد، بەغدا فەرماندەیەكی سەربازیی بە ناوی (مەعن سەعدی) كردووەتە حاكمی سەربازیی كەركووك، كە پێشتر سەرۆكی رژێمی بەعس چوار نەوت شجاعەی پێ داوە، جگە لەوەیش (عەبدولئەمیر زەیدی)ـیش جارێكی دیكە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ كەركووك و كراوەتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان.

لەبارەی ھەڵوێستی توركمان و عەرەبە سوننەكانیش، (كەركووكی) گوتی، ئەوانیش زۆر بەغدا نیگەرانن، لەبەر ئەوەی دەزانن ئەمە كاریگەری لەسەر ئەوانیش دەبێت و تەنیا شیعە لە كەركووك زیاد دەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار