هێلین ئەڤرام: ئەمڕۆ بێت یان سبەی، كورد مافی خۆیان بە دەست دێنن

ئەڵمانیا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی چەپەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ ڕایدەگەیێنێت، تاوەكوو چارەیەكی سیاسی بۆ پرسی كورد نەدۆزرێتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، ئەمڕۆیش بێت یاخود سبەی كوردەكان مافی خۆیان بەدەست دێنن و لەنێو وڵاتانی جیهاندا جێگایەكی شاییستەیان دەبێت.
(هێلین ئەڤرام سۆمەر)، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەوەی لە شاری كەركووك بەرانبەر كوردان كرا ئابڕووچوون بوو، چونكە پێشمەرگە توانی داعش تێك بشكێنێت و لە خاكی خۆیان دەریان بكەن، بەڵام میلیشاكانی حەشدی شەعبیی سەر بە ئێران كەركووكیان داگیر كرد و رۆژئاوایش لەم بارەیەوە تەنیا تەماشاكەر بوو، لە لایەكی دیكەوە ئەگەر لەسەر چارەكردنی پرسی كورد ڕاوەستین، دەبێت بەر لە هەموو شت كورد لە نێوخۆ یەكڕیز بن و بەیەكەوە نەتەوەییانە داوای مافەكانی خۆیان بكەن، كوردیش گەلێكی تێكۆشەر و فیداكارن و دەبێ باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، چونكە ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی مافی خۆیان بەدەست دێنن و لەنێو وڵاتانی جیهاندا جێگایەكی شاییستەیان دەبێت."
لەبارەی ئەوەی كە ئەوان وەكو پەرلەمانتار دەتوانن چ رۆڵێك بگێڕن بۆ پشتیوانیكردنی كوردستان؟ ( هێلین)گوتی، "دەبێ سەرەتا ڕای گشتیی ئەڵمانیا لەسەر ڕاستیی پرسی باشووری كوردستان بێتە ئاگاداركردن و هەموو شتێكیان بۆ ڕوون بكرێتەوە، جگە لەوەیش دەبێت ئێمە گرووپێك لە پەرلەمانتاران بە ناوی (گرووپی پشتیوانی و دۆستایەتیی باشووری كوردستان) دروست بكەین و دەتوانین و رۆشنبیر و نووسەرانیش بخەینە نێو گرووپەكەوە، بەم شێوەیە دەتوانین لە نێوان ئەڵمانیا و كوردستاندا رۆڵێكی باش و كاریگەر بگێڕین، هەروەها ئەو گرووپە وەكو شاندێك دەتوانێت سەردانی كوردستان بكات و چاودێرییەكانی خۆی بكات بە ڕاپۆرت و پاش گەڕانەوەمان بۆ ڕای گشتیی ئەڵمانیا هەموو شتێكێك ڕوون دەكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە دەمەوێت خۆیشم لە دەرفەتێكی نزیكدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم."
پێوەست بە سزادانی گەلی كورد لە لایەن بەغداوە بە هۆی ریفراندۆمەوە كە ئایا ئەڵمانیا دەتوانێ چی بۆ كورد بكات؟ ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیای فیدڕاڵ دەڵێ، "دەبینم حكوومەتی ئەڵمانیا ناتوانێت بە ئاسانی چاوی خۆی لە بەرانبەر ئەنجامی ڕیفراندۆم بگرێت، چونكە گەلی كورد مافی دیموكراسیی خۆی بەكار هێناوە و دەبێت قبووڵ بكرێت، بۆیە بە ڕای من دەبێت ئەڵمانیا لە نێوان حكوومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و خۆمیش بۆ ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا كار دەكەم، چونكە دەبێت بزانرێت تاوەكو چارەیەكی سیاسی بۆ پرسی كورد نەدۆزرێتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئارامی بە خۆیەوە نابینێ، لەسەر ئەو پرسەیش لە رۆژنامەیەكی رۆژانەی ئەڵمانیادا گوتارێكم بڵاو كردووەتەوە".
نەشوان بەرزنجی




