حەشدی شەعبی لە خورماتوو ٤٧٠ خانووی كوردەكانی تەقاندۆتەوە
__2017_11_08_h13m25s5__RM.jpg)
خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو دەڵێ، حەشدی شەعبی لە خورماتوو لە تەقاندنەوە و سووتاندنی خانووی كوردەكان بەردەوامە و، ئەگەر ھێزێكی نێودەوڵەتییش لە ناوچەكە نەبێت، گەڕانەوەی كورد بۆ سەرماڵەكانیان ئەستەمە.
عەقید (كاوە مەلاپەروێز)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "حەشدی شەعبی لە خورماتوو بەردەوامن لە تاڵانكردن وسووتاندن و تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكان و تاوەكو ئێستایش ژمارەیەكی یەكجار زۆری ماڵە كوردەكان زیانیان بەركەوتووە، بە جۆرێك بڕوا ناكەم ھیچ ماڵێكی كورد مابێت دەستكاری نەكرابێت، چونكە حەشدی شەعبی ھاوشێوەی دیالە دەیەوێت خورماتوو و داقووق بكاتە ناوچەی شیعە و جگە لە ئەوان كەسی دیكەی لێ نەبێت، بۆیە گەڕانەوەی كورد بۆ ئەو شارە بەوشێوە زۆر ئەستەمە".
(مەلاپەروێز) گوتیشی، "پێویستە بۆ پارێزگاریكردن لە كورد لەو ناوچانە ھێزێكی نێودەوڵەتی ھەبێت پارێزگارییان لێ بكات، لەبەر ئەوەی بەغدا شەڕی ئێمە دەكات، چۆن رێگە دەدات لەو شارەدا بە ئارامی بژین".
لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتیی قایمقامییەتی شارۆچكەی خورماتوو لە راگەیێندراوێكدا باسی لەوە كردووە كە، حەشدی شەعبی و توركمانەكان بەردەوامن لە تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكان و پێویستە ھەڵوێستی جیددی وەربگیرێت لە بەرانبەر ئەوپێشێلكاریانەی بەرانبەر بە كورد دەكرێت، چونكە بەپێی دوازانیاری تا ئێستا نزیكەی ٤٧٠خانووی كورد لە خورماتوو تەقێندراونەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




