عەرەب دەست بەسەر خانوو و زەویی كوردانی خانەقیندا دەگرن

خانەقین-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین دەڵێت، گەڕانەوەی عەرەبەكان بۆ سنووری خانەقین دەستی پێ كردووە و، ئێستایش وەكو قۆناغی یەكەم ھەزار و ٣٠٠ سكاڵایان دژی كورد تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی بە زۆر زەوییەكانیان لێ وەربگرنەوە و، لە گوندەكانیش دەست بەسەر خانوو و زەوییە كشتوكاڵییەكانی كوردەكاندا دەگرن.
(رەفعەت موراد ئاغا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەو عەرەبانەی لە ساڵی ١٩٧٤ لە پرۆسەی بەعەرەبكردندا ھاتبوونە ناوچەكە و دواتر لە راپەرین لە ساڵی ١٩٩١دەركران، ئێستا ھاتوونەتەوە بۆ ناوچەكە و داوای زەویی كوردەكان دەكەنەوە، كە لە بنەڕەتدا ئەو زەویانە ھیی كوردن، بۆ ئەو مەبەستەش ھەزار و ٣٠٠ سكاڵایان دژی كورد تۆمار كردووە و چوونەتە سەر گوندەكانیش، لەوانە: گوندی قولە و باجەلان و باوە كولی و، داوای خانووی كشتوكاڵی و زەوییەكان لە كوردەكان دەكەن و بە زۆر لێیان وەردەگرنەوە".
(ڕەفعەت) گوتیشی، بەعەرەبكردنێكی ئاشكرا دەستی پێ كردووە لە ناوچەكەدا و كوردیش ئەوانەی لەوێ دەستەڵاتدارن، بێدەنگییان ھەڵبژاردووە و ئێستا تەنانەت دەستكاریی پرۆسەی خوێندنیش دەكەن و گۆرانكاری تێدا دەكەن، بۆ ئەوەی كورد قەڵاچۆ بكەن.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین ڕوونیشی كردەوە، عەرەبەكان شەڕی دەروونی لەگەڵ كورد دەكەن و لیستێكیان ئامادە كردووە كە ناوی ٨٠ كوردی تێدایە و، باس لەوە دەكەن كە دەستگیریان دەكەن و ھەڕەشە لە كوردەكان دەكەن، بۆیە دۆخەكە ھیچ لە بەرژەوەندیی كورددا نییە.
بڵند ئیبراھیم




