٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێران بە داخستنی خاڵە سنوورییەکان زیانی زۆری ئابووریی بەرکەوتووە

سەرچاوە: KDP.info

پەروێزخان-KDP.info- بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی مەرزی پەروێزخان گوتی، کردنەوەی خاڵی سنووریی پەروێزخان بۆ شەممەی داھاتوو دوا خرا، بە داخستنی ئەو خاڵە سنوورییانە ئێران زیانی زۆری بەرکەوتووە، لەبەر ئەوەی تەنیا لە مەرزی پەروێز خان ساڵانە داھاتی ئێران زیاتر لە٢  ملیار دۆلارە.

ئێران بڕیاری داوە خاڵی سنووریی پەروێز خان بکاتەوە و بڕیار بوو ئەمڕۆ بکرێتەوە، بەڵام نەکرایەوە، لەم بارەیەوە، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی مەرزی پەروێزخان، (ئارام سایەخان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەیوەندیمان بە بەرپرسانی ئێرانەوە کرد، ئەوان باسیان لەوە کرد خەریکی ڕێکخستنەوەی مەرزەکەین بۆ ئەوەی بیکەینەوە و بڕیاری کردنەوەی ھاتووە و دوێنێ پەیوەندیمان کرد و باسیان لەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەوەی مەرزەکە بکەنەوە و جگە لەوەش چلەی ئیمام (حسێن) ھێشتا تەواو نەبووە، بۆیە ئەمەش وای کردووە قەڵەباڵغی دروست بێت، بۆیە کردنەوەی مەرزەکە دوا خرا بۆ سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، بەڵام بەگشتی بڕیاری کردنەوەی دراوە.''

(ئارام سایەخان) گوتیشی: ''پێشتر چەند پێوەندیمان پێوە دەکردن باسیان لەوە دەکرد کە ھیچ بڕیارێک بۆ کردنەوە نییە، بەڵام ئەم جارە بڕیاری کردنەوەی دراوە.''
لەبارەی زیانەکانی داخستنی خاڵە سنوورییەکان، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی مەرزی پەروێزخان ڕوونی کردەوە: ''بەداخستنی خاڵە سنوورییەکان زیانی زۆر بەر ئیران کەوتووە، لەبەر ئەوەی ھاوردەکردن لە وڵاتی ئێران زۆرە و ھەناردەکردن کەمە و ئەوەی ھەرێم زیاتر سوتەمەنی ھەناردە دەکات، ئەویش لە سەرەتای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ھەناردەکردنی سوتەمەنی ڕاگیرابوو.''

لەبارەی قەبارەی زیانەکانی داخستنی خاڵە سنوورییەکان گوتی: ''ڕۆژانە لە لایەن ئێرانەوە کەلوپەلێکی زۆر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرا و بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەچوو، کە ساڵانە داھاتی ئێران تەنیا لە ڕێگەی خاڵی سنووریی پەروێزخان زیاتر لە ٢ ملیار دۆلار بوو، بۆیە ئەو داخستنەی سنوور زیانی زۆری پێ گەیاندوون، کە ماوەی ٢٢ ڕۆژە داخراوە.''

وڵاتی ئێران سێ خاڵی سنووریی فەرمیی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و باشماخ، لەگەڵ چەند خاڵێکی دیکەی سنووریی نافەرمیی، ماوەی ٢٣ ڕۆژە ئەو خاڵە سنوورییانەی بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا داخستووە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار