"حەشدی شەعبی دەستی بە تاڵانکردنی شنگال کردووە"

سنوونێ-KDP.info- بەڕێوبەری ئاسایشی سنوونێ دەڵێت، حەشدی شەعبی دەستیان بە تاڵانکردنی خانووەکانی ئیزدییان کردووە و هەر کەس لە ڕێنماییەکانی ئەوان دەربچێت، جێگای زێندانە و هاوشێوەی داعش مامەڵە دەکەن.
ڕائید (کیفاح حسێن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''حەشدی شەعبی لە شنگال دەستی بە تاڵانکردنی ئێزدییان کردووە و چەک و پارەی خەڵک وەردەگرێت و هەرکەسیك لە ڕێنماییەکانی ئەوان دەربچێت، جێگای زێندانە. ئێستا زێندانێک لە بەعاج کراوەتەوە و چەند کەسێکی ئیزدی، کە پێشتر چەکداری حەشد بوون و لە ڕێنماییەکانیان دەرچوون، ئێستا لەو زێندانەدان.''
ڕائید (کیفاح حسێن) گوتی: ''ئێستا هەندێک ئێزدی دەیانەوێت لە ناوچەکانی باشووری شنگال هەڵبێن، یان لە دژیان خۆپێشاندان بکەن، بەڵام حەشد ڕیگەیان پێ نادات و هەندێکیشیان زیندانی دەکات و سەرپێچییەکانی حەشد چرکە بە چرکە لە شنگال و دەروربەری زیاد دەکات.''
بەڕێوبەری ئاسایشی سنوونێ ئەوەیشی گوت: ''حەشدی شەعبی بە هاوکاریی پەکەکە لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا باجێکی زۆر بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن و بە کەیفی خۆیان مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن، ئەویش مامەڵەیەکی زۆر خراپە.''
کـــاروان بـــاعەدری




