٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەباندنی كەركووك، پاشەڕۆژەکەی خستووەتە مەترسییەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info-  بە بەرچاوی پێكهاتەی كورد لە كەركووك و سەرجەم حزبەكانی ئەو شارە، لە بەغداوە پۆستەكانی كورد و پشكی كورد لە دامەزراوە حكوومییەكانی ئەو شارە پاكتاو كراون، نوێنەرێكی كوردیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئەمە بەرئەنجامی ڕادەستکرنی كەركووكە بە بەغدا."

بەغدا جیا لەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك ناداتەوە بە كورد، لە هەمان كاتدا نووسراوی كردووە بۆ گواستنەوەی ئەفسەرە كوردەكان و هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانی ئەو شارە بە رێژەی ٣٢٪ بۆ هەموو پێكهاتەكان، لەو بارەیەیشەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "پێشتر ئەفسەرێكی عەرەب لە شوێنی من دانرابوو و ئێستایش ئەفسەرێكی كورد دانراوە، بەڵام بڕیارە حەفتەی دابێ شاندی حكوومەتی عێراق بێتە كەركووك و پۆستە ئەمنییەكان بە شێوەی 32 بە 32 بەسەر پێكهاتەكاندا دابەش بكرێنەوە".
عەمید (سەرحەد) گوتیشی، "هێشتا نازانین لە بەشی كورد، پارتی و یەكێتی چۆن لەسەر پۆستەكان رێك دەكەون".
لە لایەكی دیكەیشەوە، (شاخەوان عەبدوڵڵا)، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە بەغداوە سەرجەم پۆستەكانی كورد لە كەركووك پاكتاو كراون، سەرەتایش لە پۆستە ئەمنییەكانەوە دەستیان پێ كردووە، سەرجەم بەڕێوەبەری پۆلیس و ئاساییشی كورد فەرمانی دوورخستنەوەیان بۆ دەرچووە، دواتر بەڕێوەبەری قوتابخانە و فەرمانگەكان و، ئێستایش دەستیان كردووە بە هێنانی خەڵكی عەرەب بۆ شاری كەركووك و رەنگە زەوییان بەسەردا دابەش بكرێت و بەشێكیان تەواوی پێداویستیی ژیانیان بۆ دابین دەكرێت، بۆ ئەوەی پێكهاتەی عەرەب لەو شارە زیاد بكرێت و كورد كەم بكرێتەوە، كە ئەمەیش دەرئەنجامی خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەرە كە كەركووك رادەستی بەغدا كرا".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، "پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك، داوای هێزی زیاتری لە (حەیدەر عەبادی) كردووە بۆ پارێزگاریكردن گوایە لە كەركووك، بەڵام لە راستیدا سیناریۆیە بۆ بەهێزبوونی حەشدی شەعبی لە شارەكەدا و، لە سایەی ئەو خیانەتەوە هەوڵ دەدرێت تا دێت سیمای كوردبوون لە كەركووكدا بسڕێتەوە، دوور نییە لە داهاتوویشدا كار بكرێت بۆ ئەوەی زمانی كوردی قەدەغە بكرێت".
هاوكات (سەعد خالید)، ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەو هەنگاوانەی عێراق دەیاننێت لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر، پاشگەزبوونەوەیەكی ترسناكە، ئەوەی عێراق بانگەشەی بۆ دەكات بە ناوی دەستوورەوە، درۆیەكی بێبنەمایە، ئەسڵەن عێراق باوەڕی بە دەستوور نییە، ئەگەرنا بەپێی دەستوور میكانیزمی بەڕێوەچوونی ئەو ناوچانە دیارە، بەڵام ئەوەی لە كەركووك دەیكات جارێكی دیكە بەعەرەبكردنی شارەكەیە لە گۆڕینی ناو و شوێن و شەقامەكان".

(خالید) گوتیشی، "دەسەڵاتدارانی بەغدا باوەڕیان بە فیدراڵی نەماوە و هیچ هێزێكی سیاسی چاوەڕێی ئەوە نەكات عێراق هەنگاو بهاوێت بە ئاڕاستەی رێككەوتن، ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە چۆن هێزە كوردستانییەكان هەڵوێستی توندیان نەبووە لەسەر ئەو شتانەی لە كەركووك دەگوزەرێت؟".
ئەندامەكەی كۆمیتەی سەركردایەتیی حزبی زەحمەتكێشان ئاماژەیشی دا، "ئەوەی كە پێم هەزم ناكرێت، ئەوەیە كە هەموومان بە دیار ئەو دۆخەی كەركووكەوە دانیشتووین."
ئەوەیشی خستە روو، "ئەوەی هەیە پێشێلكردنی بەهای سیاسییە لە كوردستاندا، ئاخر هێزێكی كوردستان لە كەركووكە و بانگەشەی ئارامیی شارەكە دەكات، خۆزگە ئەو لایەنە لە كەركووك بیتوانیایە شارەكە بپارێزێت، خۆزگە حەشدی شەعبی باڵانسی هێزی بگۆڕیایە، بەڵام ئەوەیشی نەكردووە و ئەوەی لە كەركوك دەكرێت، حكوومەت شۆڤێنیانە سوودی لە مانەوەی لایەنێكی كوردستان لە شارەكەدا وەرگرتووە، ئەگەر ئەو لایەنە لەوشارە نەبووایە، ئێستا سەرجەم حزبەكان قسەیەكی دیكەیان لەسەر رەوشی ئەو شارە دەكرد، نایشكرێت هێرش بكەیت، چونكە ئەو لە شارەكەدایە و شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت، بۆیە بە باوەڕی من دەبوو ئەو هێزە ئەوە قبووڵ نەكات و بە دیار وێرانكاریی كەركووكەوە دانەنیشێت".

هەر لەو بارەیەوە، (جەمال كۆچەر)، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "رەوشی كەركووك زۆر خراپە و توركمان و عەرەبەكان لە هەوڵی كەمكردنەوەی پێكهاتەی كورددان، نایشكرێت هێزێك لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكان لەو شارە بێت، ئەمە داهاتووی شارەكە دەخاتە مەترسییەوە".
گوتیشی، "لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، كەركووك ناگەڕێتەوە دۆخی جارانی".

كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار