ئاساییشی داقووق: لە تەقینەوەکانی داقووق كورد دەكرێنە ئامانج

داقووق-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق ڕایدەگەیێنێت، شەوی رابرد، تەقینەوەیەكی دیكە لە داقووق ڕووی دا، بەمەیش ئەمە حەوتەم تەقینەوەیە لەو شارۆچكەیە روو دەدات دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر، جگە لەوەیش، رێگە نادەن قایمقامی شارۆچكەكە بگەڕێتەوە بۆ سەر كارەكەی و كەسێكی دیكەیان بە وەكالەت لە شوێنی داناوە.
(فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، تەقینەوە و كردەوەی تیرۆرستی بەردەوام لە شارۆچكەی داقووق روو دەدەن و لە زۆربەیشیاندا ماڵە كوردەكان و بە تایبەتیش كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێنە ئامانج، شەوی رابردوویش بۆمبێكی دەنگی لە نێوان ماڵێكی كادیرێكی پارتی و ماڵێكی توركماندا تەقییەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی بڵێن تەنیا كوردەكان ناكرێنە ئامانج و توركمانەكانیش دەكرێنە ئامانج، تاوەكوو تاوانەكانی رابردوویان پەردەپۆش بكەن، چونكە بە ھۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنیی شارۆچكەكەوە، ھەوڵێك بۆ گەڕانەوەی قایمقامی شارەكە ھەیە".
(ئەحمەد) گوتیشی، دوو پەرلەمانتاری یەكێتی قایمقامی شارەكەیان گەڕاندبووەوە و خەڵك رێگری لێ كردبوون و رێگەیان نەدابوو قایمقام بگەڕێتەوە، بۆیە كەسێكی دیكەیان بە وەكالەت لە شوێنی ئەو داناوە بۆ ئەوەی كارەكان بەڕێوە ببەن.
وەك بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق ئاماژەی دا، بە تەقینەوەكەی شەوی رابردووەوە، حەوتەم تەقینەوەیە لەو قەزایە ڕوو بدات دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر.
لەبارەی دۆخی خەڵكی ئەو شارەیشەوە، بە تایبەت كوردەكان، ئەو بەرپرسەی ئاساییش گوتی، دۆخی خەڵكی شارەكە زۆر خراپە و لە ژێر دەستەڵاتی ھێزە عێراقییەكاندان و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، چونكە ناتوانن ھیچ جووڵەیەك بكەن و بەردەوامیش تەقینەوە لە نزیك ماڵەكانیان ڕوو دەدات، بۆیە دۆخی شارەكە زۆر ئاڵۆزە.
بڵند ئیبراھیم




