وەزارەتی پێشمەرگە: دەنگۆی بەغدا دوورە لەڕاستییەوە.. ئێمە داوامان نەکردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، وەزارەتی پێشمەرگە بانگەوازی نەکردووە بۆ ئەوەی خۆبەخشەکان ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بکەن وەک بەغدا بڵاوی کردۆتەوە، بەڵکو بۆ رێکخستنی خۆبەخشەکان داوای کردووە ناوی خۆیان لەوەزارەتی پێشمەرگە تۆمار بکەن.
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەغدا دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردۆتەوە، کە گوایە وەزارەتی پێشمەرگە داوای لەخۆبەخشەکان کردووە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بکەن و پێویستیان بەھێز ھەیە، لەڕاستیدا ئەمە ھیچ بنەمایەکی نییە، چونکە ئەوەی پێشمەرگە بانگەوازی بۆ کردووە جیاوازە و بە مەبەستی رێکخستنی خۆبەخشەکانە بۆ ئەوەی لەبەرەکانی جەنگدا کێشە بۆ پێشمەرگە دروست نەبێت و بێسەروبەری بە ھێزەکانەوە دیار نەبێت و شێوەی ھێزی پێشمەرگە چۆن نیزامییە خۆبەخشەکانیش بەھەمان شێوە بێت.
(حیكمهت) گوتیشی، "ئێمە داوامان لەخۆبەخشەکان نەکردووە بێنە ریزەکانی ھێزی پێشمەرگە، بەڵکو خۆیان ئامادەییان نیشانداوە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بکەن، وەزارەتی پێشمەرگەش بۆ رێکخستنی ئەو ھێزانە داوای لەخۆبەخشەکان کردووە بچن ناویان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بەپێی پێویستی ئەو خۆبەخشانە بەسەر بەرەکانی جەنگ دابەش بکرێن، نەک خۆبەخشەکان بەشێوەیهكی ھەڕەمەکی بچنە بەرەکانی جەنگەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە دهشڵێ، "لەئێستادا لەچەند ناوچەیەک ناونووسین بۆ خۆبەخشەکان دەکرێت، بۆ نموونە لەمیحوەری پردێ ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەپلەی عەمید بۆ ئەوکارە دیاری کراوە، بۆیە ئەوەی بەغدا بڵاویکردۆتەوە وەزارەتی پێشمەرگە داوای لەخۆبەخشەکان کردووە ھاوکاری بکەن دوورە لەڕاستییەوە.
بڵند ئیبراھیم




