وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره ده‌كرێن، نه‌ك زمانی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و درۆ

هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، وه‌ڵامی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق ده‌داته‌وه و رایده‌گه‌یێنێت، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، راگه‌یه‌ندراوێكی دوور له راستی ده‌ركردووه و بانگه‌شه‌ی رێككه‌وتنی كردووه له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان.
به‌گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئه‌وه‌ی باسی ده‌كرێت رێككه‌وتن نییه و ته‌نها نامه‌یه‌كه له له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانه‌وه هاتووه، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ده‌ستپێشخه‌ریی هه‌رێم و راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست ره‌وانه كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به گفتوگۆی سیاسیی جیددی بكرێت.
له روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی ئه‌و نامه‌یه‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، بریتی بووه له سه‌نگه‌ره‌كانه كه ناده‌ستوورییه و به‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه و گه‌لی كوردستاندا سه‌پێنراوه.
وه‌زارتی پێشمه‌رگه راشیده‌گه‌یێنێت، وه‌ڵامی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، لووتبه‌رزی و غرووری پێوه‌دیاره و داواكاریی ناده‌ستووری و ناواقیعی له‌خۆی گرتووه، كه مه‌ترسی ده‌خاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییانی و، هاوكات تۆمه‌تی ناڕه‌وا و بێبنه‌مایشی له دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان هه‌ڵبه‌ستووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه: "هێزی ده‌ستدرێژیكاری حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق، پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور، كه نابێت هێزی سه‌ربازی بۆ كێشه ناوخۆییه‌كان به‌كار بهێندرێت، به تۆپهاوێژ و مووشه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیی درووستكراوی ئه‌مه‌ریكایی، هه‌وڵی پێشڕه‌ویكردن ده‌ده‌ن".
روونیشی ده‌كاته‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان، له پێگه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگرین و به‌رگری له ئیراده و كه‌رامه‌ت و مڵك و ماڵ و شه‌ره‌ف و گیانی ملیۆنان خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دووچاری ئه‌و چاره‌نووسه ره‌شه نه‌بنه‌وه كه ئێستا هاووڵاتیانی خورماتوو و داقووق و كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه تێیكه‌وتوون.
هه‌موو ئه‌وانه‌ش له كاتێكدایه، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا ده‌كات به دانوستان و گفتوگۆی سیاسی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه، وێڕای ره‌تكردنه‌وه و ئیدانه‌كردنی ته‌واوی ناوه‌ڕۆكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری ماونه‌ته‌وه و بێ هیچ دوودڵییه‌ك به‌رگری له ژیان و به‌رژه‌وه‌ندییه ره‌وا و ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌كات.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جارێكی دیكه دووپاتی ده‌كاته‌وه، تاكه رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، گفتوگۆی سیاسییه، نه‌ك زمانی "هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و درۆ".
له كۆتاییدا جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، له‌هه‌ر وڵاتێك و هه‌ر شوێنێك له‌و جیهانه‌دا، هێرشكه‌ر به سته‌مكار و به‌رگریكاریش به سته‌مدیته داده‌نرێت.




