نێچیرڤان بارزانی و ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كڕیزیی لایه‌نه سیاسییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌میر كۆمه‌ڵی ئیسلامی جه‌ختیان له یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان و، چاره‌كردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ و، دروستكردنی باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش، كرده‌وه.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 1/11/2017، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری، سه‌ردانی (عه‌لی باپیر) ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان له ئۆفێسی خۆی له هه‌ولێر كرد و، له‌لایه‌ن ئه‌میر و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستانه‌وه پێشوازی لێ كرا.
له دیدارێكدا ڕه‌وشی ناوچه‌كه و عیراق و هه‌رێمی كوردستان به گشتی و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه به‌تایبه‌تی و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشهاته‌كان و چاره‌كردنی لێكه‌وته‌كانی، خرانه به‌ر باس. هه‌ردوولا جه‌ختیان له یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان و چاره‌كردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ و دروستكردنی باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش، كرده‌وه.
تاوتووكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به كێشه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دۆخى هاووڵاتیان و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی تۆكمه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.




